2 کاتژمێر پێش ئێستا
107 جار خوێنراوەتەوە
کەشتییەکی نەوتهەڵگری یابانی بە نهێنی گەرووی هورمزی تێپهڕاند
کەشتییەکی نەوتهەڵگری زەبەلاحی یابانی بە شێوەیەکی نهێنی و دەگمەن گەرووی هورمزی بڕی، دوای ئەوەی بۆ چەند ڕۆژێک ئامێرەکانی ناسینەوەی شوێنی وەستاندبوو، ئێستاش لە دەریای عەرەب بەرەو شوێنێکی نادیار بەڕێوەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی بلومبێرگ کە پشت ئەستوورە بە داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان، نەوتهەڵگری زەبەلاحی (ئینیۆس ئیندیڤۆر) ی یابانی، لە درەنگانی شەوی چوارشەممەدا لە باکووری مەسقەتی پایتەختی عومان دەرکەوتووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دواین ئاماژەی شوێنەکەی ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەی باکووری ئەبوزەبی تۆمار کرابوو.
بڕینی گەرووی هورمز بەبێ چالاککردنی سیستەمی پەخشی شوێن، هەنگاوێکی دەگمەن و نائاساییە بۆ کەشتییە یابانییەکان. ئەم کەشتییە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە بە مەبەستی بارکردنی نەوتی خاو لە دوورگەی (داس) ی ئیماراتی و بەندەری (ئەحمەدی) کوەیتی لە ناوچەکەدا بووە، ئاستی نوقمبوونی کەشتییەکەش لە ئاودا دەریدەخات کە بە تەواوی بارکراوە.
سەبارەت بە ئاراستەی داهاتووی، سەرەتا بەندەری (کیری) یابانی وەک ناوەندی مەبەست دیاری کرابوو، بەڵام لە ئێستادا کەشتییەکە لە چاوەڕوانی وەرگرتنی فەرماندایە و هیچ بەندەرێکی دیاریکراوی بۆ لەنگەرگرتن نییە. شایەنی باسە ئەمە دووەم کەشتیی نەوتهەڵگری کۆمپانیا یابانییەکانە کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا، بەم شێوەیە گەرووی هورمز دەبڕێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە