2 کاتژمێر پێش ئێستا
124 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: ڕەشنووسی ڕێككەوتنەكە ئامادەیە و چاوەڕێی بڕیاری سەركردایەتی باڵا دەكەین
پەیام
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند ڕەشنووسی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئەمریكا تا ڕادەیەكی زۆر ئامادەیە، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرای كرد كە دەقی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریكا نزیكە لە تەواوبوون، بەڵام هێشتا ڕێككەوتنەكە نەبووەتە كۆتایی و ئاماژەی بەوە كرد لەگەڵ شاندی قەتەری لە تاران تاوتوێی چەند خاڵێكی گرنگیان كردووە و وڵاتی پاكستان و قەتەریش وەك نێوەندگیرێكی چالاك لەسەر هێڵن بۆ نزیككردنەوەی دیدگاكان.
وەزارەتی دەرەوە ڕەتی كردەوە، كە ژێر فشار و هەڕەشە پاشەكشەیان لە هەڵوێستەكانیان كردبێت و ڕایگەیاند، گێڕانەوەكانی لایەنی ئەمریكی تەنها بۆ مەبەستی پیشاندانی پاشەكشەی ئێرانە لە بەرامبەر فشارەكاندا.
ئاماژە بەوەش كرا كە زۆربەی دەقەكان پێشتر یەكلا كرابوونەوە، بەڵام واشنتۆن هەوڵی دەدا داواكاری نوێ زیاد بكات.
دەربارەی كات و شوێنی واژۆكردنی ڕێككەوتنەكە، وەزارەتەكە وتی ئەوانە تەنها پێشبینی میدیایین و هیچ بڕیارێكی فەرمی لەو بارەیەوە نییە.
لە كۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوە دووپاتی كردەوە كە "هێڵە سوورەكان" نابەزێنن و هەموو بڕگەكانی ڕێككەوتنە چاوەڕوان كراوەكە لەلایەن "سەركردایەتی باڵا"ی ئێرانەوە وردبینییان بۆ دەكرێت و لە كاتی گونجاودا هەڵوێستی فەرمی خۆیان ڕادەگەیەنن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە