1 کاتژمێر پێش ئێستا
96 جار خوێنراوەتەوە
بۆچى دانووستانەکان لە پاکستان کران و واژوو کردنەکە دەبرێتە سویسرا؟
پەیام
تاران و واشنتن گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەمارۆی سەر ئێران، بڕیاریشە ڕۆژی هەینی نووسراوی لێکتێگەیشتنەکە بە ئامادەبوونی وەفدی باڵاى ئێرانی و ئەمریکی، لە شاری جنێڤی سویسرا بە فەرمی واژۆ بکرێت، بەڵام لێرەدا پرسیارێک بێ وەڵام ماوەتەوە، کە بریتییە لەوەى بۆچی دانووستانەکان لە پاکستان تەواوکران بەڵام واژوو کردنی ڕێکەوتنەکە دەبرێتە سویسرا.
ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاشکرای کرد کە دەقی لێکتێگەیشتنی ناسراو بە "دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد" بۆ ڕاگرتنی جەنگ و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان، تەواو کراوە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەستبەجێ هەڵدەگیرێت و وتووێژەکان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ قۆناغێکی دواتر دوای جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لایەنی بەرانبەر دوادەخرێن. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەواوبوونی ڕێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش، ئامادەکارییەکانی بۆ مەراسیمی واژۆکردنەکە لە سویسرا ڕاگەیاند.
لە ناوخۆی ئێراندا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارە بە هەماهەنگیی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت دراوە و پرسێکی دیپلۆماسیی تاکەکەسی نییە. گواستنەوەی شوێنی واژۆکردنەکە لە ئیسلام ئابادەوە بۆ جنێڤ وەک هەوڵێک بۆ بەخشینی قورساییەکی سیاسیی جیهانی بە لێکتێگەیشتنەکە لێک دەدرێتەوە. پسپۆڕان پێیان وایە جنێڤ وەک "پایتەختی بێلایەنی" و ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان، متمانەیەکی یاسایی زیاتر بە بەڵگەنامەکە دەبەخشێت و وەک شوێنێکی مێژوویی بۆ دیپلۆماسییەتی ئێرانی-ئەمریکی دەبینرێت، بەتایبەت کە سویسرا وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە تاران کار دەکات.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵبژاردنی سویسرا ڕەهەندی ئەمنی و لۆجستی و سیاسی هەیە، چونکە نێوەندگیریی پاکستان لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتیدا دەهێڵێتەوە و ڕێگری لە هەستیارییە ناوچەییەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا واژووکردنی ڕێکەوتنەکە لە سویسرا ئەو وڵاتە و هەروەها نەتەو یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهانیش دەکاتە چاودێر و شاهێد بەسەر قۆناغەکانى جێبەجێکردنییەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەخت دەکەنەوە کە گرنگیی شوێنەکە لە چاو ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەدا لاوەکییە؛ چونکە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی داهاتوودا دەبێت، کاتێک دۆسیە ئاڵۆزەکان لەژێر فشاری نەیارانی ناوخۆیی و دەرەکی لە هەردوولا تاوتوێ دەکرێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە