1 کاتژمێر پێش ئێستا
76 جار خوێنراوەتەوە
بەریتانیا: یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ئۆکرانیا دەدەین
پەیام
لەندەن بە فەرمی ڕایگەیاند، بە بەهای ۲۱۰ ملیۆن پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی ئۆکرانیا دابین دەکات و سزای نوێش بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت.
ئەم بڕیارە لە لایەن کیر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی تایبەتی لووتکەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت (G٧) لە شاری ئێڤیانی فەڕەنسا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا ڕاگەیەندرا.
حکومەتی بەریتانیا ئاماژەی پێ کردووە کە ئەم پاڵپشتییە داراییە لە ڕێگەی کۆمپانیای "ئۆرینکۆ" ی بەریتانییەوە پێشکەش بە کۆمپانیای "ئینێرگۆئاتۆم" ی ئۆکرانی دەکرێت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی ئەتۆمی، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی وزەی پێویست بۆ وڵاتەکە لە زستانی داهاتوودا.
هاوکات لەگەڵ سەردانی ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ فەڕەنسا بە مەبەستی بەشداریکردن لەم کۆبوونەوەیە، پاریس و لەندەن هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنی گوشاری زیاتر لەسەر مۆسکۆ.
لەم چوارچێوەیەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکی ئەوان لەم قۆناغەدا ڕازیکردنی واشنتۆنە بۆ بەردەوامبوون لە هاوکارییەکان و بەهێزکردنی بەرەی سزاکان دژ بە ڕووسیا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە