2 کاتژمێر پێش ئێستا
123 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا: وەرگرتنی کرێی تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز مەرجێکی قبووڵکراو نییە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەرووی هورمز لە چوارچێوەی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندایە و هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت داوای کرێ بۆ تێپەڕبوون پیایدا بکات، ئەم بارودۆخە هیچ کاتێک نابێتە مەرجێکی قبووڵکراو بۆ هیچ ڕێککەوتنێک.
ڕوبیۆ ئاماژەی بە گرنگی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و هێرشەکانی سەر ئێران کرد و ڕایگەیاند ئەم پرۆسەیە هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەنجوومەنەکە دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگەوە.
وتیشی: "سەرەڕای جیاوازییەکانی ڕابردوو، لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و هاوبەشەکاندا کار لەسەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەکەین، بەڵام ئەمە ڕێککەوتنێک نابێت بە هەر مەرجێک بێت، بەڵکو ڕێککەوتنێک دەبێت تیایدا هەندێک مەرجی دیاریکراو دابین بکرێت".
ڕوبیۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە مەرجی یەکەمی ڕێککەوتنەکە دەبێت ئازادی هاتوچۆی دەریایی بێت لە گەرووی هورمزدا و، ڕایگەیاند: "گەرووی هورمز موڵکی ئاوە نێودەوڵەتییەکانە و هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت داوای کرێ بۆ تێپەڕبوون پیایدا بکات".
ڕاشیگەیاند: "جا ناوی بنێن کرێی تێپەڕبوون، باج یان هەر شتێکی دیکە، ئەمە یاری کردنە بە وشە. ڕاستییەکەی ئەوەیە هیچ وڵاتێک لەسەر ڕووی زەوی مافی ئەوەی نییە داوای کرێ بکات بۆ بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان. ئەمە هیچ کاتێک نابێتە مەرجێکی قبووڵکراو بۆ ڕێککەوتنەکە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوبیۆ، ئەوەیشی خستەڕوو کە مەرجێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە پێویستە ئێران هیچ کاتێک نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەر ڕێککەوتنێکیش ئەنجام بدرێت ئەمە گەرەنتی دەکات. ئەمریکا پێشینەی کار بەم دوو مەرجە دەدات و ئامادەیە و دەیەوێت ئەم کارە سەرکەوتوو بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە