1 کاتژمێر پێش ئێستا
109 جار خوێنراوەتەوە
یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی موفتیی پێشووی سووریا، لە دیمەشق بەڕێوەچوو
پەیام
بە تۆمەتی هاندانی تاوانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتی، یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی موفتیی پێشووی سووریا، لە دیمەشق بەڕێوەچوو.
ئەحمەد بەدرەدین حەسوون، موفتیی پێشووی سووریا ئەمڕۆ بە دەستبەستراوی و دەموچاو داپۆشراوییەوە بۆ هۆڵی دادگای تاوانەكانی دیمەشق گوازرایەوە و لە یەكەم دانیشتندا، دادوەر لیستی تۆمەتەكانی بەسەردا خوێندەوە كە پۆلێن كرابوون بۆ تاوانی جەنگ و پێشێلكاری دژی مرۆڤایەتی لە قۆناغی پێشووی دەسەڵاتدا.
لیستی تۆمەتەكان بریتین لە بەكارهێنانی پۆستە ئایینییەكەی بۆ بەرژەوەندیی كەسی و هەبوونی پەیوەندیی نایاسایی لەگەڵ بەرپرسانی ڕژێمی پێشوو.
هەروەها حەسوون تۆمەتبارە بە پێشكەشكردنی وتاری ئاگرین بۆ هێزە ئەمنییەكان بە مەبەستی هاندانیان دژی نەیاران، جگە لە بەكارهێنانی میدیا بۆ ڕەواییدان بە كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەكان.
بڕیاریشە دانیشتنەكانی دادگا بۆ یەكلاكردنەوەی هەموو ئەو دۆسیانەی حەسوونی تێدا تێوەگلاوە،بە ئاشكرا بەردەوام بن، بەتایبەت لە پرسی پشتگیریكردنی فەرماندە سەربازییەكان بۆ ئەنجامدانی كردەوەی توندوتیژی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.
ئەم ڕێكارە یاساییانە لە چوارچێوەی پڕۆسەی "دادپەروەریی ڕاگوزەر"ی حكومەتی ئێستای سووریادایە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە