2 کاتژمێر پێش ئێستا
103 جار خوێنراوەتەوە
لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا قۆناغێکی نوێی دانوستان دەستپێدەکەن
لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا قۆناغێکی نوێی دانوستان دەستپێدەکەن، کە تێیدا تاقیکردنەوەی توانای بەیرووت بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت و جێگیرکردنی سوپا لە ناوچە سنوورییەکانی باشوور لە چەقی بایەخی نێودەوڵەتیدایە.
بەپێی شیکارییە سیاسییەکان، لوبنان لە ئێستادا کەوتووەتە ناو جەرگەی بایەخە ستراتیژییەکانی واشنتنەوە، بەتایبەت دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئەدای فەرمیی دەوڵەتدا سەبارەت بە پرسی چەک و سەروەریی نیشتمانی بەدی دەکرێن.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵەکانی حکومەتی لوبنان بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی پێگەی گروپە چەکدارەکان و جەختکردنەوە لەسەر قۆرخکردنی هێز لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا، زەمینەی بۆ نێوەندگیرییەکی کارای ئەمریکی ڕەخساندووە تاوەکو ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان بکات لە پێناو ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ ئێراندا لە سویسرا واژووی کردووە.
لە ڕووی مەیدانییەوە، سەرچاوە سەربازییەکان باس لە ئامادەیی سوپای لوبنان دەکەن بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ئەو ناوچانەی کە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلیان لێدەکرێت. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە تەنها بەستراوەتەوە بە توانای سەربازییەوە نییە، بەڵکو پێویستی بە بڕیارێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە هەیە کە پشتیوانی لە بڵاوبوونەوەی هێزە شەرعییەکان بکات و ڕێگری لە هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازیی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بگرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیریی درێژخایەن دەبینرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ڕەهەندە هەرێمییەکان و کاریگەرییەکانی تاران لەسەر گۆڕەپانی لوبنان وەک یەکێک لە تەحەدییە سەرەکییەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە دەمێننەوە. پسپۆڕانی نێودەوڵەتی لەو بڕوایەدان کە دانوستانە ڕاستەوخۆکانی بەیرووت و تەلئەبیب تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ دەوڵەتی لوبنان تاوەکو بسەلمێنێت دەتوانێت بڕیارەکانی لە بەرژەوەندییە دەرەکییەکان جیابکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە ئاراستەی دابڕینی دۆسیەی لوبنان لە ململانێ فراوانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە