1 کاتژمێر پێش ئێستا
134 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆى بوومەلەرزەکەى فەنزوێلاوە لانیکەم 164 كەس گیانیانلەدەستداوە
پەیام
فەنزوێلا ڕووبەڕووی بوومەلەرزەیەكی دووانەی وێرانكەر بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بووەوە، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانی كەم 164 كەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار كەس، حكومەت باری نائاسایی ڕاگەیاند و وڵاتانی جیهانیش بۆ هاوكاریكردن كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە.
شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز ڕۆژئاوای شارۆچكەی مۆرۆنی هەژاند، تەنها 39 چركە دواتر بوومەلەرزەیەكی بەهێزتر بە گوڕی 7.5 پلە و لە قوڵایی 10 كیلۆمەتر هەمان ناوچەی هەژاندەوە.
دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆكی كاتیی وڵات ڕایگەیاند، كە كارەساتەكە زیانی گەورەی بە ویلایەتی لا گوایرا و كاراكاسی پایتەخت گەیاندووە، بەو هۆیەوە خوێندن، هێڵی ئاسن و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی مایكتێیا ڕاگیراون.
دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریكا و پسپۆڕان هۆشدارییان لە 20 پاشلەرزەی توند داوە كە ڕەنگە گوڕەكەیان بگاتە 6.5 پلە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیی ئەمریكای بۆ ناردنی تیمی قەیران و هاوكاری پزیشكی دەربڕی.
نەجیب بۆكێلی، سەرۆكی سەلڤادۆر، 300 ڕزگاركەر و 50 تۆن پێداویستی ئامادە كردووە.
هەروەها بەڕازیل و كۆماری دۆمینیكان تیمە سەربازییە پسپۆڕەكانیان بۆ گەڕان بەدوای ڕزگاربووان لە ژێر داروپەردەی باڵەخانە ڕووخاوەكاندا ناردووە، لە كاتێكدا تیمەكانی فریاكەوتنی ناوخۆیی لە ململانێدان لەگەڵ كات بۆ دەرهێنانی قوربانییان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە