1 کاتژمێر پێش ئێستا
128 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا هێزە دەریاییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕتر دەكاتەوە
پەیام
كەشتیی هێرشبەری "یو ئێس ئێس بۆكسەر"ی ئەمریكی گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە هێزێكی مارێنزی لەسەرە و ئامانج لێی بەهێزكردنی بوونی سەربازییە بۆ هەر ئەگەرێكی كتوپڕ.
ڕۆژنامەی "ستارز ئاند سترایپس"ی ئەمریكی بڵاویكردەوە، ئەم كەشتییە جەنگییە دەچێتە پاڵ كۆمەڵە هێزێكی دەریایی گەورە، كە لە دوو فڕۆكەهەڵگر و زیاتر لە 15 تێكشكێنەر و كەشتی دیكەی جەنگی پێكدێت.
ئەمەش بە یەكێك لە گەورەترین پڕۆسەكانی بڵاوەپێكردنی هێزی دەریایی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دادەنرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەم هەڵمەتە ڕەنگدانەوەی ستراتیژییەكی نوێی واشنتنە، كە تێیدا ڕێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ بەهێزكردنی توانای سەربازی تێكەڵ دەكات.
ئامانج لێی ئەوەیە، كە بژاردەكانی جوڵەی سەربازی بە كراوەیی بمێننەوە ئەگەر بێت و دانوستانەكان شكستیان هێنا یان گرژییەكان لە ناوچەكەدا زیاتر بوون.
ئەم بەهێزكردنە سەربازییە لە كاتێكدایە كە وڵاتی قەتەر میوانداری خولێكی نوێی گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكات.
لە هەمان كاتدا، واشنتن بەردەوامە لە پاراستنی بوونێكی سەربازی چڕ لە ناوچەی كەنداو، ئەوەش لەپێناو كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرژییە بەردەوامانەی كە لە گەرووی هورمزدا بوونیان هەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە