1 کاتژمێر پێش ئێستا
124 جار خوێنراوەتەوە
ههولێر.. خورشید ههركی و برایهكی دهستگیركران و پۆلیس دهڵێت تۆمهتبارن
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند کە هێزەکانیان دوو داواکراویان بە تۆمەتی کوشتنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک و، هاندانی خەڵک دژی یاسا و تێکدانی سەقامگیری لە قەزای خەبات دەستگیرکردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی پۆلیسی هەولێر، دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە کە بە ناوەکانی (خ. ل.) و (ح. ل.) ناسێندراون، لەسەر فەرمانی دادوەر و دوای تۆمارکردنی چەندین سکاڵای یاسایی لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە دژیان جێبەجێ کراوە، بەو پێیەی لە ماوەی ڕابردوودا ببوونه هۆکاری دروستکردنی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
تۆمەتبارەکان ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتی قورس دەبنەوە، لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حکومەت و هەڕەشەکردن لە تێکدانی ژێرخانی ئابووری لە شوێنە جیاجیاکانی قەزای خەبات، کە لە ئێستادا بەپێی ڕێکارە یاساییەکان ڕاگیراون و لە ماوەیەکی نزیکدا دادگایی دەکرێن.
پۆلیسی هەولێر لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا دڵنیایی داوەتە هاووڵاتیان کە پاراستنی سەر و ماڵیان لە پێشینەی کارەکانیاندایە و سەروەریی یاسا دەپارێزرێت، جەختیشی کردووەتەوە کە ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ئاسایش و ئارامیی هەرێمەکە تێکبدات یان کردەوەی ئاژاوەگێڕی ئەنجام بدات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە