2 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
دهرگای ناونووسین بۆ وهرزی حهجی ساڵی داهاتوو دهكرێتهوه
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی بۆ ناونووسینی حاجیانی وەرزی ٢٠٢٧ ڕاگەیاند و داوا لە هاووڵاتییان دەکات پێشوەختە بەڵگەنامە فەرمییەکانیان ئامادە بکەن.
شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە بەوەکالەت، ئاشکرای کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دهرگای ناونووسین بۆ هاووڵاتییان دەکرێتەوە. پڕۆسەکە بە هەماهەنگیی تەواو لەنێوان وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ڕێکخراوە و سەرجەم ڕێکارە تەکنیکییەکانی بۆ جێبەجێ کراوە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوەش دا کە ماوەی ناونووسینەکە بۆ کاتێکی دیاریکراو بەردەست دەبێت، بۆیە پێویستە خوازیاران بۆ فەریزەی حەج بەزووترین کات پێداویستییەکانیان دابین بکەن. لەم چوارچێوەیەدا، هاووڵاتییان دەبێت هەریەک لە ژمارەی بێهاوتای کەسی (UPN)، پاسپۆرت و کارتی نیشتمانییان ئامادە کردبێت، تاوەکو لە کاتی کردنەوەی سیستەمەکەدا بتوانن بەبێ گرفت ناوەکانیان تۆمار بکەن.
ئەم ڕێکارە پێشوەختانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بە مەبەستی ڕێکخستنی باشتر و خێراترکردنی پڕۆسەی کارگێڕیی حاجیانە بۆ ساڵی داهاتوو، تاوەکو پڕۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر و دوور لە ڕۆتین بەڕێوە بچێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە