2 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: یاداشتی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتۆن لە مهترسیدایه
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، یاداشتی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتۆن لە مهترسیدایه. هاوکات ئەمریکای بە پێشێلکاری بەردەوام تۆمەتبار کرد و هۆشداری دا لە وەڵامدانەوەی سەربازیی هەر ناوچەیەک کە هێرشی لێوە بکرێتە سەر خاکەکەی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی دەستپێشخەر نابێت لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە، بەڵام واشنتۆن لە پرسی گەرووی هورمزدا ئارامی لەدەست داوە و پێش تەواوبوونی وادەی ٣٠ ڕۆژەکە، خاڵەکانی یاداشتەکەی پێشێل کردووە.
هەروەها ئاشکرای کرد کە تاران بە هەماهەنگی لەگەڵ عومان هەوڵی داوە میکانیزمێک بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دابنێت، بەڵام گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر مەسقەت ڕێگر بوون لە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە.
لە لایەکی دیکەوە، تاران جەختی لەوە کردەوە کە هێرش ناکاتە سەر هیچ وڵاتێکی ناوچەکە و لێدانەکانی تەنیا بەرگریین و بنکە سەربازییەکان و کەرەستەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج. لەم چوارچێوەیەدا، چەندین جار داوای لە وڵاتانی دراوسێ کردووە ڕێگە نەدەن ئەمریکا و ئیسرائیل خاکەکانیان بۆ پەلاماردانی ئێران بەکار بهێنن.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، وەزارەتەکە ڕەتیکردەوە ڕەزامەندی لەسەر داواکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات بۆ دەستگەیشتن بە دامەزراوە ناوکییەکانی. سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپاش، ئێران ڕاگەیەندراوی سێقۆڵیی ئەورووپای لەسەر گەرووی هورمز بە بێبەها وەسف کرد. ڕوونیشی کردەوە کە وڵاتانی ئەورووپا دەیانتوانی ڕۆڵێکی بنیاتنەر لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بگێڕن، بەڵام بەهۆی ملکەچبوونیان بۆ واشنتۆن نایانەوێت ئەو ڕۆڵە ببینن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جیهان و ناوچەکە بەدەست لێکەوتەکانی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەناڵێنن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە