2 کاتژمێر پێش ئێستا
89 جار خوێنراوەتەوە
ئهمریكا و ئێران هێرشیان بۆسهر پێگهكانی یهكتر ئهنجام دا
پهیام
سوپای پاسدارانی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند بە مووشەک پێگەیەکی دوژمن و چەند دامەزراوەیەکی ئەمریکییان لە بنکەیەکی ئاسمانی لە ئوردن کردووەتە ئامانج. لە بەرانبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بۆ سێیەم شەو لەسەریەک زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران ئەنجامدا. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا، هێرشەکان سیستەمی چاودێریی کەناراوەکان و تواناکانی درۆن و مووشەکییان کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی بەندەر عەباس، جەم و ئومێدییە لە خوزستان، هەروەها دوورگەکانی کیش، قشم و ئەبو موسا بیستراوە.
پاش کاتژمێرێک لە ئۆپەراسیۆنەکان، ئەمریکا کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی ئەو هێرشە نوێیانەی ڕاگەیاند.
لە لایەکی دیکەوە، بازنەی ململانێکان فراوانتر بووە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردەوە کە دوو کەشتییان لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، هەروەها بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی چەند هێرشێک بۆ سەر بەحرەین ڕاگەیاند. هاوکات، ئیمارات پشتڕاستی کردەوە کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر دوو کەشتیی نیشتمانی لە گەرووی هورمز و بەهۆیەوە دەریاوانێک گیانی لەدەستداوە.
بەهۆی زیادبوونی ئەم ئاڵۆزییانە و دروستبوونی مەترسی لەسەر هاتوچۆی دەریایی، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بەرزبووەوە.
سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە و ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان هەردوو وڵات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای ڕاگەیاندنی هێرشەکان بۆ سەر پێگە ئێرانییەکان ئاماژەی پێ کرد کە هێشتا گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاراندا "گونجاوە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە