2 کاتژمێر پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: بنكهكانی ئهمریكامان له كوهیت، ئوردن و بهحرێن بهئامانج گرت
پهیام
لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکادا، ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر کەشتییەکی ئەمریکی و بنکەکانی ئەو وڵاتە لە کوەیت، ئوردن و بەحرەین، و هەڕەشەی بەردەوامبوونی وەڵامدانەوەکانی دەکات.
سوپای ئێران ڕایگەیاند لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە سیستەمی پەیوەندی، کۆگاکانی سووتەمەنی، سیستەمی پاتریۆت و تاوەرێکی چاودێریی سوپای ئەمریکای لە کوەیت کردووەتە ئامانج. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە بە مووشەکی کروز کەشتییەکی ئەمریکییان پێکاوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە مووشەکییانەی ئەمریکا کە پێشتر کرابوونە سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەک دامەزراوەکانی ئەمریکا و پێگەیەکی لە بنکەیەکی ئاسمانیی ئوردن کردووەتە ئامانج. لە بەرانبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕایانگەیاند کە چوار مووشەکی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیاندا خستووەتە خوارەوە و ڕێگرییان لە هێرشەکان کردووە. هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی هێرشێکی دیکەی سوپای پاسداران بۆ سەر دامەزراوەکانی بنکەی جەفیر لە بەحرەین، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە زەنگی مەترسیی لێدا و داوای لە دانیشتووان کرد بەپەلە ڕوو لە شوێنە ئارامەکان بکەن.
بەرپرسانی سەربازیی ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە بەرگری و وەڵامدانەوەکانیان دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت و هاوتای قەبارەی هێرشەکانی بەرانبەر دەبێت. بە وتەی سوپای پاسداران، ئەم زنجیرە کاردانەوانە دوای ئەوە دێن کە سوپای ئەمریکا وێستگە کەناراوی و ناوەندە سەربازییەکانی باشووری ئێرانی کردبووە ئامانج.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە