1 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
هاتووچۆ: لهكاتی وهرگرتنی مووچهدا ئۆتۆمبێلهكانتان به باشی ڕابگرن
پهیام
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی وەرگرتنی مووچەدا، ئۆتۆمبێلەکانیان لە نزیک بانک و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە بە شێوەیەکی یاسایی ڕابگرن بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، تێبینی کراوە بەشێک لە مووچەخۆران لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ بەردەم بانکەکان و ئامێرەکانی ئەلکترۆنیی پێدانی پارە (ATM)، ئۆتۆمبێلەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی و نادروست پارک دەکەن. ئەم دیاردەیەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ و دروستکردنی بارگرانی بۆ شۆفێرانی دیکە لەسەر شەقامەکان.
لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و ڕێکخستنی جووڵەی شەقامەکاندا، دامەزراوەکە داوای هاوکاری و هەماهەنگیی تەواو لە شۆفێران دەکات. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان لە شوێنی گونجاو و تەرخانکراودا ڕابگرن، تاوەکو پرۆسەی وەرگرتنی مووچە نەبێتە هۆی پەکخستنی هاتووچۆی ڕۆژانەی شارەکە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە