2 کاتژمێر پێش ئێستا
81 جار خوێنراوەتەوە
لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٣ درۆن ئاڕاستەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم کراوە
پەیام
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ھەرێمی کوردستان ئامانجی ١٣ دڕۆنی ھێرشبەر بووە کە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازیان بۆردوومان کردووە و ١٢ دڕۆنیان ئاراستەی پارێزگای هەولێر و یەک دڕۆنیش ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراوە، ھەندێک دڕۆنیش پێش گەیشتن بە ئامانجەکەیان، تێکشکاون.
بەپێی زانیارییەکان، لە ٢٤ کاژمێری ڕابردوودا ٣ دڕۆن شاخی باواجی و شاخی ھەیبەت سوڵتان لە کۆیە کردووتە ئامانج و بەھۆیەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتەوە، ھەروەھا ٤ دڕۆن ئاراستەی بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستان کراوە لە ھەردوو بنکەی دێگەڵە و دارەشەکران، ھاوکات شەوی ڕابردوو ٣ دڕۆن لە دۆڵی ئالانەی کردووەتە ئامانج و یەک دڕۆنی دیکەش لە ئاسمانی خەلیفان و یەک دڕۆنی دیکەش لە ئاسمانی ھەولێر و سەر کۆمەڵگای سێبیران تێکشکاوە و خراوەتە خوارەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیانی ئەمڕۆ بە دڕۆنێک ھێرش کراوەتە سەر ناحیەی تەگەران لە قەزای شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی و دەوترێت شوێنەکە چەک و جبەخانەی لێ بووە.
تا ئێستا لە ھێزە ئەمنی و دەزگا فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان ھیچ ئامار یان زانیارییەکی فەرمییان سەبارەت بەو ھێرشانە بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٢٨ی شوباتەوە تا ئێستا بە ٩٣٤ دڕۆن و مووشەک ھێرش کراوەتەسەر ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک پارێزگای ھەولێر ٦٤١ ھێرش، سلێمانی ٢٦٠ ھێرش، دھۆک ٣١ ھێرش و ھەڵەبجەش دوو ھێرش بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە