2 کاتژمێر پێش ئێستا
144 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتى ماوەبەسەرچووی هەرێم، دامەزراندنەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای ڕاگرت
پەیام
ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووى هەرێم بڕیاری ڕاگرتنی دامەزراندنی بە شێوازی (لەجیاتى جێگەی دانان) بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژی گرێبەست دەرکرد و جەخت دەکاتەوە کە نابێت هیچ ناوێک بۆ ئەو مەبەستە بەرز بکرێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (9722) لە رێککەوتی (9ی ئابی 2026)، کە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە، تیایدا هاتووە کە کارکردن بە بڕگەی دووەمی نووسراوێکی پێشوویان ڕاگیراوە.
نووسراوەکە بە دیاریکراوی تایبەتە بە پرسی لەجێگە دانانی ئەو فەرمانبەر و مامۆستا وانەبێژانەی کە بە شێوەی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە، لە چوارچێوەی هەردوو بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا، دامەزراندن بە شێوازی (لەجیاتى دانان) بە هەموو جۆر و شێوازەکانییەوە ڕاگیراوە.
پێشتر وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم بڵاویکردەوە، هەوڵى دامەزراندنى 1000 کەس بە شێوازى لە جیاتى دانان دەدەن، کە پێشتر ئەو 1000 کەسە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژی گرێبەست تەرخانکرابوو بەڵام دەستبەکاربوونیان ئەنجامنەدابوو، هەربۆیە وەزارەتى خوێندنى باڵا بەنیاز بوو لە ڕێگەى ئۆنلاینەوە لینکێک کارا بکات تاوەکو بە شێوازی (لەجیاتى دانان) ئەو شوێنانە پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووى هەرێم بڕیاری ڕاگرتنی دامەزراندنی بە شێوازی (لەجیاتى دانان) دا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە