1 کاتژمێر پێش ئێستا
103 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی کەمئاوییەوە؛ پارێزگاى کرماشان لە رۆژهەڵاتى کوردستان ڕووى لە بەرهەمهێنانى زەعفەران کردووە
پەیام
بۆ خۆگونجاندن لهگهڵ قەیرانی وشکەساڵی، پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتى کوردستان ڕووی لە چاندنی زەعفەران کردووە و پارێزگاکە هەوڵ دەدات ببێتە جەمسەرێکی نوێی بەرهەمهێنانی ئەم ڕووەکە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، گۆڕانی ئاووهەوا و کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین، جووتیارانی پارێزگاى کرماشانی لە رۆژهەڵاتى کوردستان ناچار کردووە پێداچوونەوە بە شێوازی نەریتیی کشتوکاڵدا بکەن و، ڕوو لە چاندنی زەعفەران بکەن کە بە "زێڕی سوور" ناسراوە و، جێگرەوەیەکی گونجاوە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئاوی ژێر زەوی.
پسپۆڕانی کشتوکاڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە کرماشان بەهۆی بەرزیی لە ئاستی دەریا، بەپیتیی خاک و گونجاوی کەشوهەوا، ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئەم بەرهەمە و؛ تایبەتمەندییەکی ناوازەى هەیە کە لە سەرەتای وەرزی پاییزدا پێویستی بە ئاودانە، کە لەو کاتەدا خواست لەسەر ئاو بۆ بەرهەمەکانی دیکە کەم دەبێتەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەم ڕووەکە دەبێتە سەرچاوەیەکی داهاتی باش و دەرفەتی کار بۆ خەڵکی گوندەکان و، نرخی یەک کیلۆگرام زەعفەران لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا دەگاتە زیاتر لە ١٥٠٠ دۆلار. سەرەڕای ئەم سوودانە، ڕووبەری چێنراو لە پارێزگاکەدا تەنیا لە دەوروبەری ٥٠٠ هێکتاردایە و تێکڕای بەرهەمی هەر هێکتارێکیش لە نێوان ٥ بۆ ٦ کیلۆگرامدایە.
زەعفەران یەکێکە لەو بەرهەمانەى کە نرخێکى بەرزی هەیە لە بازاڕەکاندا و ئێران خاکێکى گونجاوە بۆ ئەو بەرهەمهێنانى زەعفەرانى ئەسڵ و بەپێى زۆرینەى سەرچاوەکان لەسەر ئاستى جیهان زیاتر لە ٨٠ لەسەدی زەعفەرانی ئەسڵ لە ئێرانەوە بەرهەمدەهێنرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە