2 کاتژمێر پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی: هێرشکراوەتە سەر ئۆفیسەکەم ئەوە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە
پەیام
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئێرانی ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و ماڵی بەڕێوەبەری پاراستن لە پیرمام کران، لەسەر ڕووداوەکەش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای دژە تیرۆری کوردستان، هێرشەکە کاتژمێر ١٢:٣٠ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦ ئەنجام دراوە. لەم هێرشەدا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) بەکارهێنراون، کە لە دیوی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاراستەی قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر کراون و ئامانجەکەیان نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن بووە.
سەرەڕای هەستیاریی ئەو شوێنانەی بەئامانج گیراون، دامەزراوە ئەمنییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە رووداوەکە هیچ جۆرە قوربانییەکی گیانیی بەدوادا نەهاتووە و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە. هاوکات لە راگەیەنراوێکدا، هێرشەکە وەک هەنگاوێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەسف کراوە، جەختیش لەسەر بەردەوامبوونی دامەزراوەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و پاراستنی هاووڵاتییان کراوەتەوە.
دەزگای دژە تیرۆر لە راگەیەنراوەکەیدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو جۆرە دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکان و دەرەنجامەکانی ئەم جۆرە هێرشانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەنجامدەرانی.
لەسەر هێرشەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە پێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژە تیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج.
بارزانی دەڵێت، بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و، ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە