1 کاتژمێر پێش ئێستا 45 جار خوێنراوەتەوە

ڕاپۆرت؛ هێرش بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم و كاردانه‌وه‌ ناوخۆیی و عێراقییه‌كان

بەیانی ئەمڕۆ و بۆ یەکەمجار هێرشکرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری دەزگای پاراستن لە پیرمام، وێڕای ئەوەی هێرشە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام کاردانەوەی ناوخۆی و عێراقی لێکەوتەوە. 

بەپێی راگەیەنراوی دەزگای دژە تیرۆر، بەرەبەیانی دووشەممە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە سنوورەکانی ئێرانەوە ئاراستەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری دەزگای پاراستن لە پیرمام کران، بەبێ کەوتنەوەی هیچ زیانێکی گیانی. بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای دژەتیرۆری کوردستان، هێرشەکە لە کاتژمێر ١٢و ٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ١٧ی ئابی ٢٠٢٦ ئەنجام دراوە. لەم هێرشەدا، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) بەکارهێنراون، کە سەرچاوەی هەڵدانیان دیوی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و ئاراستەی قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر کراون. 

لەسەر هێرشەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و، ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان. 

هاوکات کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی هێرشەکانی و کردووە و دەڵێت، ئێمە وەکو کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی هەڕێمی کوردستان ئیدانە ئەکەین و، پێداگیری لە هەڵوێستی بێلایەنی و هاوسەنگی کورد دەکەینەوە لە مەر شەڕ و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە. 

هەروەها یەکێتی، یەکگرتووی ئیسلامی و پارتیش ڕاگەیەنراوی جیایان لەسەر هێرشەکە بڵاو کردەوە و رایانگەیاندووە، ئیدانەی هێرشەکان دەکەن و بەپێشهاتێکی مەترسیدار ناویان بردووە، هەروەها جەختیان لەسەر هەڵوێستی بێلایەنانەی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردوەتەوە. 

ئەو حزبانە رایانگەیاندوە، هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە زۆر روون و راشکاوانە و ئاشتیخوازنە بووە. هەربۆیە ئەم جۆرە هێرشانە رێزنەگرتنە لە هەڵوێست و رۆڵی ئاشتیخوازنەی هەرێمی کوردستان و، پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە. 

لە ناویشیاندا مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە، "بەتووندی ئەم کردەوە تێکدەرانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین" و پارتی ڕایگەیاندووە، ئەو جۆرە ڕەفتارانە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نین، مەترسیدارن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن. 

هەروەها مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە بە جددی لەسەر ئەم پرسە بێتە دەنگ، ڕێگری لەم هێرش و پێشێلکارییانە بکات و لە زووترین کاتدا بە ڕێگەی گونجاو بەرەنگاری ئەو جۆرە دەستدرێژییانە ببێتەوە. 

هاوکات بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییە عێراقییەکانیش کاردانەوەیان بۆ هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر هەرێمی کوردستان هەبوو. 

هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی، نووری مالیکی، خەمیس خەنجەر، محەمەد حەلبووسی، ڕاگەیەنراویان لەسەر هێرشەکان بڵاو کردەوەو رایانگەیاندووە، ئیدانەی هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بەشێک لەو حزبانە داوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر هێرشەکان کردووە و رایانگەیاندووە، پێویستە لیژنەیەکی ورد و پسپۆڕ بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی هێرشەکان پێکبهێنرێت. 

هەروەها لایەنە عێراقییەکان دەڵێن، دەبێت بزانرێت ئەم هێرشانە لە کوێوە ئەنجام دەدرێن، بەوپێیەی ئەگەری هەیە گرووپگەلێک خاکی ئێران بەکاربهێنن بۆ لێدانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێویستە بەپەلە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بکڕێت بۆ پاراستنی ئاسمانی هەموو وڵات لە هێرشی درۆن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 1 کاتژمێر پێش ئێستا

    ڕاپۆرت؛ هێرش بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم و كاردانه‌وه‌ ناوخۆیی و عێراقییه‌كان

  • 4 کاتژمێر پێش ئێستا

    مەسرور بارزانی: هێرشکراوەتە سەر ئۆفیسەکەم ئەوە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە

  • 4 کاتژمێر پێش ئێستا

    كۆمه‌ڵ: ئیدانه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ین

  • 4 کاتژمێر پێش ئێستا

    دژە تیرۆر: بە درۆن نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن بە ئامانجگیراوە

  • 19 کاتژمێر پێش ئێستا

    سەرتاشخانەكانی سلێمانی داوای دیارییكردنی كاتی كاركردنیان لە قایمقامیەت دەكەن

  • 20 کاتژمێر پێش ئێستا

    توركیا.. پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی وەك دەرفەتێكى دەگمەن دەبینرێت

  • 21 کاتژمێر پێش ئێستا

    شۆفێران لە ئیدارەی ڕاپەڕین داوای زیادكردنی بەنزینی 750 دیناری دەكەن

  • 22 کاتژمێر پێش ئێستا

    سلێمانى.. پێنج کەس لەسەر بڕینەوەى دار و ڕاوکردن بە تەقەمەنى دەستگیركران

سەرەتا