1 کاتژمێر پێش ئێستا
130 جار خوێنراوەتەوە
چوار سهرۆكایهتییهكهی عێراق: چهك تهنیا له دهستی دهوڵهت بێت
پهیام
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق كۆبوونهوه و، تاوتوێی لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ناوچەکە، قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەی وەزاریی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکایەتییەکانی کۆمار، وەزیران، نوێنەران و دادوەری جەختیان لەسەر پێویستیی دەستبەسەرداگرتنی چەک تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە کردەوە، بەتایبەت لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی پاشەکشەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق. لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکان دووپات کرایەوە، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان کردنی بە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
لە ئاستی ئابووریشدا، چوار سهرۆكایهتییهكه تاوتوێی ئاڵنگارییە داراییەکانیان کرد کە لە ئەنجامی دابەزینی داهاتی نیشتمانی بەهۆی جەنگی ناوچەکە و داخرانی گەرووی هورمزەوە دروست بوون. لەم چوارچێوەیەدا جەخت لەسەر پەلەکردن لە هەمهجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی کەرتی نانەوتی کرایەوە، هاوکات داوای بەهێزکردنی هەماهەنگیی دامەزراوەکان کرا بۆ پەلەکردن لە پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی پەیوەندییان بە باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەیە.
سەبارەت بە دۆسیەی چاکسازی و حکومڕانی، سەرۆکایەتییەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی دووپات کردەوە. چوار سهرۆكایهتییهكه له كۆبوونهوهكهیاندا جەختی لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەی وەزاری و تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای پێشنیازکراوی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی داراییە دزراوەکان و پاراستنی سامانی گشتی کردەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە