1 کاتژمێر پێش ئێستا
107 جار خوێنراوەتەوە
ئیسماعیل بەقائی: هێرشەکەی سەر نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم جێگەی گومانە
پەیام
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشە درۆنییەکەی سەر بارەگای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە جێگەی گومان دەزانێت و جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی تاران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
بەقائی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر پاراستن و فراوانکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارە جێبایەخەکاندا. هاوکات داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە کار بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی نەیارانی ئێران و عێراق بکەن، کە مەبەست لێیان زیانگەیاندنە بە پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوان هەردوو گەل.
لە درێژەی قسەکانیدا، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر هۆشدارییەکانی پێشووی بەرپرسانی عێراق، لە نێویاندا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، سەبارەت بە ئاشکراکردنی چەند شانەیەکی سەر بە لایەنی بیانی لە ناوخۆی وڵاتدا. بە وتەی بەقائی، ئەو شانانە تێوەگلاون لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی چەواشەکارانە لەژێر «ئاڵای ساختە»دا، بۆیە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان لەبەرانبەر ئەم پرسەدا هۆشیارییەکی زیاتر بنوێنن.
پێشتریش، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە هیچ پاساوێک بۆ ئەو هێرشە سەرەڕۆیانەیە نییە و داوای لە هەرێمی کوردستان کرد وریا بن لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی بە مەبەستی نانەوەی ئاژاوە لەنێوان دراوسێکاندا ئەنجام دەدرێن. عێراقچی ئاماژەی بەوەش دا کە وڵاتەکەی لە سەردەمی سەدام حوسێن و رێکخراوی داعشدا پارێزگاری لە کورد کردووە، هەروەها پێزانینی خۆی بۆ ئەو ئاسایشە دەربڕی کە لەسەر سنوورەکانی ئێران دەستەبەریان کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە