58 خولەک پێش ئێستا
142 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا گەمارۆی تەواوەتی دەخاتە سەر بەندەر و فڕۆکەخانەکانی ئێران
پەیام
دۆناڵد ترەمپ دەستپێکردنی توندترین گەمارۆی بۆسەر ئێران ڕاگەیاند و دەڵێت، گەمارۆکە وێرانکەر دەبێت بۆسەر ئابووری ئێران و، هۆشداریشی دا کە هەر وڵاتێک هاوکاری تاران بکات ڕووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد تاران باشترین دەرفەتی بۆ ڕێککەوتن لەدەست داوە، بۆیە ئێستا ڕووبەڕووی گەمارۆ و جەنگێکی ئابووریی بێپێشینە دەبێتەوە. بە وتەی ترەمپ، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئێران لەناوچوون، کارگە سەربازییەکانی وێران بوون و دراوەکەشی بەهای نەماوە. لەم چوارچێوەیەدا، گەمارۆ نوێیەکەی بە "ڕۆژی دابەزینی ئابووری" ناوبرد و داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد بۆ گۆشەگیرکردنی تاران بێنە پاڵ واشنتن، جەختیشی کردەوە کە هەرگیز ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دایە ئەو وڵات و دامەزراوە دارایی و فڕۆکەخانانەی کە بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.
ڕێکارە نوێیەکان ڕێگریکردن لە قاچاخی نەوت، ئاڵوگۆڕی کاڵا، گواستنەوەی نەختینە و کۆمپانیا وەهمییەکان دەگرێتەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا نییە، بەڵام ڕەنگە لە قۆناغێکدا دەست پێبکاتەوە.
لەبەرانبەردا، عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکان و سەپاندنی زۆرترین سزا بەسەر وڵاتەکەدا، هەناردەی نەوتی ئێران لە دۆخی ئێستادا بەتەواوی وەستاوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە