1 کاتژمێر پێش ئێستا
104 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ ئێران به قالیبافدا پێشنیازێكی نوێی بۆ چهككردنی گرووپه چهكدارهكانی عێراق ناردووه
پەیام
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی تاوتوێی پرسی چەکدادانی گرووپە چەکدارەکانی کردووە و بۆ ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان حکوومەت و گرووپە چەکدارەکان، چەند پێشنیازێکی کردووە، لەوانە سڕکردن یان گواستنەوەی کاتیی چەکە قورسەکان بۆ ئێران.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، قالیباف ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و سیاسیی عێراق کۆبووەتەوە و پرسی گواستنەوەی بەشێکی زۆری چەکی گرووپە چەکدارەکانی بۆ خاکی ئێران بە شێوەیەکی کاتی خستووەتە ڕوو، تا ئەو کاتەی یەکلایی دەکرێنەوە. ئەم سەردانەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان حکوومەت و گرووپە چەکدارەکان پاش دەستگیرکردن و ئازادکردنی سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی نوجەبا زیادی کردووە.
لەبەرانبەردا، سەرچاوە حکوومییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو، کە ئەمەش هاوکات دەبێت لەگەڵ تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەپێی ئەو خشتە کاتییەی پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
هەڵوێستەکەی سەرۆک وەزیران پاش گەڕانەوەی لە واشنتۆن و لە میانەی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا زیاتر جێگیر بووە. ئەم هەنگاوە لە ئێستادا پشتیوانییەکی بەرفراوانی دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوەکانی حکوومەتی بەدەستهێناوە بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت بەسەر چەکدا.
پێشنیازه نوێیهكهی سهرۆكی پهرلهمانی ئێران لهكاتێكدایه كه پێشتر و بەپێى زانیاریی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سەردانێکی بۆ بەغداد لەگەڵ نوێنەری گرووپـە چەکدارەکان کۆبووەتەوە و ڕێنمایی ئاڕاستەى بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان کردووە کە "خۆیان بە دوور بگرن لە هەر جۆرە پێکدادانێک لەگەڵ حکوومەتى ناوەندى".
زانیارییەکان هەریەکە لە ئەلجەزیرە، عەرەبییە جەدید و هەروەها شەفەق نیوزى عێراقی لە سەرچاوەکانیانەوە بڵاویان كردبوویهوه کە قائانی لەم سەردانەدا، هۆشداریی به گرووپه چهكدارهكان دا کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بکەونە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا.
قائانی له سهردانهكهیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" و فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان ئەنجامدا و بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە تاران لەگەڵ تێکچوونی دۆخی ناوچەکە و بە تایبەت عێراق نیە و جەخت لە پاراستنی ئاسایشى عێراق و یەکگرتوویی گرووپە چەکدارەکان و حکومەتى ناوەندى دەکاتەوە، هەروەها ڕێنمایی ئەوەشى بە گرووپە چەکدارەکان داوە لە ڕێگەی گوشاری سیاسی و گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەت بگەنە جۆرە سازانێک کە ڕێگری لە پێکدادان بکات، چونکە هەر جۆرە پشێوییەک دەبێتە هۆی قەیرانێکی ناوخۆیی فراوانتر کە لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە