1 کاتژمێر پێش ئێستا
84 جار خوێنراوەتەوە
زەیدی: شەڕێكی سەختمان دژی گەندەڵی و وشككردنی سەرچاوەكانی دەستپێكردووە
پەیام
سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، كە حكومەتەكەی شەڕێكی سەختی دژی گەندەڵی و وشككردنی سەرچاوەكانی دەستپێكردووە، داواشی كرد دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن یەكبگرن بۆ پاراستنی سامانی گشتی و ڕێگریكردن لە بەهەدەردانی دارایی لە پڕۆژەكاندا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، عەلی زەیدی لەگەڵ تەها هاتف دیفاعی، سەرۆكی لیژنەی دەسپاكی پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەكە كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی میكانیزمەكانی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ دۆسیەكانی گەندەڵی.
عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە كرد كە دەوڵەت لەسەر بنەمای یاسا و دەسپاكی وەستاوە و گەندەڵی بە یەكێك لە مەترسیدارترین تەحەددییەكانی بەردەم وڵات وەسف كرد.
سەرۆك وەزیران ئاشكرای كرد، كە زۆرجار سەرەتای گەندەڵی لە زیادەڕۆیی خەمڵاندنی تێچووی پڕۆژەكانەوە دەستپێدەكات، بۆیە حكومەت بڕیاریداوە سیستەمی وردبینی پێشوەختە و پاشوەختە بۆ هەموو گرێبەستە حكومییەكان پەیڕەو بكات، بەپێی بنەمای "خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر".
لەلایەكی ترەوە، محەمەد عەلی لامی، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی فیدراڵی، جەختی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە جۆرییەكان كردەوە بۆ ڕاوەدوونانی ئەو كەسانەی دەست بۆ سامانی گشتی دەبەن.
ناوبراو دووپاتی كردەوە كە هیچ "هێڵێكی سوور" یان چەترێكی پارێزبەندی بۆ هیچ كەسێك بوونی نییە و دەبێت هەموو تێوەگلاوان لەبەردەم یاسادا ئامادە بن و ڕووبەڕووی سزای دادپەروەرانە ببنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە