60 خولەک پێش ئێستا
171 جار خوێنراوەتەوە
واشنتن پێشنیازی ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەکات
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی ڕێگریکردن لە پشکنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە، پڕۆژەبڕیارێکی بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کردووە.
بەگوێرەی ڕەشنووسی بەڵگەنامەیەکی دوو پەڕەیی کە ئاژانسی بلومبێرگ بڵاوی کردووەتەوە، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نەیانتوانیوە شوێنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بپشکنن و لە دروستیی ئەو یۆرانیۆمە بکۆڵنەوە کە ئاستی پیتاندنەکەی نزیک بووەتەوە لە پلەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
چاوەڕوان دەکرێت ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی خۆیدا لە ڤییەننا تاوتوێی ئەم هەنگاوەی واشنتن بکات. لە پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکادا داوا لە تاران کراوە بەپەلە پرسی "پابەندنەبوون" یەکلایی بکاتەوە و ڕێگە بە ئەنجامدانی پشکنینی پێویست بدات، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان دزە نەکەن و بۆ مەبەستی دیکە بەکار نەهێنرێن.
ئەم پڕۆژەبڕیارە کە لەلایەن وڵاتانی ئەورووپیی ئەندام لە ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکەوە پشتیوانی دەکرێت، جەخت لەسەر پشتگیریکردنی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی دەکاتەوە و سەرجەم لایەنەکان هان دەدات بۆ ئەوەی بە شێوازێکی بنیاتنەرانە بچنە ناو گفتوگۆ و هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە