1 کاتژمێر پێش ئێستا
84 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی زیادبوونی گرژییەكانیانەوە، جەزائیر بەتەواوی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیمارات پچڕاند
پەیام
جەزائیر پچڕاندنی تەواوەتی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات ڕاگەیاند و مۆڵەتی 48 كاتژمێری دایە باڵیۆزی ئەو وڵاتە تا خاكی جەزائیر جێبهێڵێت، ئەمەش دوای ساڵانێك لە گرژی و بەهۆی زیادبوونی هەڵسوكەوتە ئیستفزازی و دوژمنكارانەكانی ئەبوزەبی دێت.
تەلەڤیزیۆنی فەرمی و وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر بڵاویان كردەوە، بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییەكان دوای ئەوە دێت كە سەرجەم ڕێگاكان بۆ پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان گەیشتنە بنبەست.
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە كرد، باڵیۆزی ئیمارات لە بارەگای وەزارەت بە فەرمی لە بڕیارەكە و وادەی جێهێشتنی وڵات ئاگادار كراوەتەوە، هاوكات جەختی كردەوە جەزائیر سەرەڕای دانبەخۆداگرتنی زۆر، پێشتر هۆشداری دابووە لایەنی ئیماراتی لە لێكەوتە مەترسیدارەكانی ڕەفتارە ئیستفزازی و ناڕەواكانیان.
پێشتر عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆك كۆماری جەزائیر چەندین جار ئاماژەی بە پچڕاندنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەبوزەبی كردبوو و دەستەواژەی "دەوڵەتۆكە"ی بۆ بەكارهێنابوو.
ناوبراو لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو: ئەوان پێ لە هەر شوێنێك دابنێن خوێن دەڕژێت، دەمانەوێت لێمان دوور بكەونەوە تاوەكو لە وڵاتەكەمان خوێن نەڕژێت.
هاوكات میدیاكانی نزیك لە دەسەڵاتی جەزائیر، بەرپرسانی ئیمارات بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتەكەیان و دەوروبەریان لە لیبیا و ناوچەی كەناری ئەفریقا تۆمەتبار دەكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە