1 کاتژمێر پێش ئێستا
115 جار خوێنراوەتەوە
دادگای فیدڕاڵی جارێكی دیكە دادبینی پرسی پەڕلەمانی كوردستان دەكات
پەیام
دوای ڕەتكردنەوەی سكاڵایەكی هاوشێوەی كاندیدێكی دەرچووی كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان، دادگای فیدڕاڵی جارێكی دیكە دادبینی لەبارەی پرسی پەڕلەمانی كوردستان دەكات.
بەپێی ئەوەی لە ماڵپەڕی دادگای باڵای فیدڕاڵی بڵاو كراوەتەوە، سبەی یەكشەممە، دادبینی سكاڵای لەبارەی نادەستوورییبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەڕلەمانی كوردستان و حكوومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان و سەرۆكەكەی بەڕێوە دەچێت.
بەپێی زانیاریی ڕاگەیەنراوی نێو ماڵپەڕەكە سێ سكاڵا لەو بارەوە تۆمار كراون، دوو سكاڵایان بەجیا لەسەر هەر دوو تەوەری پەڕلەمان و حكوومەت و سكاڵایەكی دیكەیشیان تەنیا لەسەر كابینەی نۆی حكوومەتی ماوەبەسەرچوو تۆمار كراوە.
ئەمە دووەمین جارە دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەی نادەستوورییبوونی خولی شەشەمی پەڕلەمانی كوردستان دادبینی ئەنجام دەدات، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردووش لە 21ی تەمموزدا سكاڵایەكی عومەر گوڵپی كاندیدی دەرچووی كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی كوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی خولی شەشەم بە پاساوی "نەبوونی تایبەتمەندی لەلایەن خودی دادگاوە" ڕەت كردەوە.
عومەر گوڵپی ئەوكات لە سكاڵاكەیدا داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و وەرگرتنەوەی ئەو ئیمتیازە ماددییانەش كردبوو كە تا ئەو كاتە 97 پەڕلەمانتار وەریانگرتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە