2 کاتژمێر پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: هەڕەشەكانی ترەمپ هیچ ئەنجامێكی نابێت و بۆ هەر ئەگەرێك ئامادەین
پەیام
ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند: بۆ ڕاگرتنی جەنگ ئامادەی دانوستانین و ستراتیژی خۆیان گۆڕیوە.
موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند: واشنتۆن باشترە مەرجەكانی ئێران بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ قبوڵ بكات.
ڕەزایی جەختی كردەوە لەوەی كە هەڕەشەكانی ترەمپ هیچ ئەنجامێكی نابێت و ئێران بۆ هەر ئەگەرێك ئامادەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد "دوای ئەوەی ئەمریكا لە یاداشتی لێكتێگەیشتن كشایەوە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ستراتیژی خۆیان بەرانبەر واشنتۆن بگۆڕن".
سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەكەیشیان، ڕەزایی وتی: هێشتا پابەندین بە فەتواكەی ڕێبەری ئێرانەوە، بەڵام داهاتووی دیار نییە و بڕیاری كشانەوە لە پەیماننامەی بڵاونەكردنەوەی چەكی ئەتۆمی بەندە بە هەڵسوكەوتی واشنتۆنەوە.
ئاشكرایشی كرد، بەمدواییە موشەكێكی دژە كەشتییان لە نزیك فڕۆكەهەڵگرێكی ئەمریكی تاقی كردووەتەوە.
ڕەزایی ئاشكراشی كرد، ئەوان لە ڕێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە مەرجەكانیان گەیاندووەتە ئەمریكا كە بریتین لە: كۆتاییهێنان بە جەنگ، ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكان و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی.
لەبارەی دۆسیەی جەنگی نێوان حووسییەكانی یەمەن و سعودیەشەوە، ڕایگەیاند: تاران بە دوای چارەسەری ئاشتییانە لە نێوان سەنعا و ڕییاز دەگەڕێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە