1 کاتژمێر پێش ئێستا
112 جار خوێنراوەتەوە
پاكستان.. تەقینەوەیەك لە مزگەوتێك 17 كوژراو و 40 برینداری لێكەوتەوە
پەیام
بەهۆی تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە مزگەوتێكی سەر بە پۆلیسی پاكستان، 17 كەس كوژران و 40 كەس بریندار بوون.
زوڵفەقار حەمید، فەرماندەی پۆلیسی هەرێمی خەیبەر پەتونخوا ڕایگەیاند، تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە كاتی نوێژی هەینیدا مزگەوتێكی سەر بە بنكەی پۆلیسی شاری كوهاتی كردە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا 17 كەس گیانیان لەدەست دا كە 6یان ئەفسەری پۆلیسن و 40 كەسی دیكەش برینداربوون.
ئەم هێرشە لە كاتێكدایە كە سوپای پاكستان ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیدا لە هەرێمی خەیبەر پەتونخوا 10 چەكداریان كوشتووە.
هەروەها لە هێرشێكی جیادا بۆ سەر كاروانێكی هێزە ئەمنییەكان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكەوە 6 سەرباز كوژران.
هێرشە چەكدارییەكان لە پاكستان بەتایبەت لە هەرێمەكانی خەیبەر پەتونخوا و بەلوچستان زیادیان كردووە، ئیسلام ئابادیش "بزووتنەوەی تاڵیبانی پاكستان" بە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە تۆمەتبار دەكات و دەڵێت لە ئەفغانستانەوە پلانیان بۆ دادەڕێژرێت، بەڵام حكومەتی ئەفغانستان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە