1 کاتژمێر پێش ئێستا
98 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە لە یەمەن 18 هەزار خێزان ئاوارە بوون
پەیام
لە مانگی ئابەوە لە یەمەن، زیاتر لە 18 هەزار خێزان بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێكدادانەكان ئاوارە بوون.
ستێڤان دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ لە یەمەن، دۆخی مرۆیی بەشێوەیەكی مەترسیدار خراپ بووە و لە نێوان سەرەتای ئاب تا 16ی ئەیلول، زیاتر لە 18 هەزار خێزان ناچار بوون ماڵەكانیان بەجێبهێڵن.
ئاماژەی بەوەیش كرد كە نەتەوە یەكگرتووەكان توانیویەتی بە هانای 11 هەزار خێزانیانەوە بچێت، بەڵام پێداویستییە مرۆییەكان زۆر لە توانای هاوكارییەكان زیاترە.
هەروەها ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆماری كردووە كە لەو ماوەیەدا لە پارێزگاكانی تەعز، حودەیدە و مەئرەب، 110 هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی شەڕەوە بوونەتە قوربانی، كە 28 كەسیان كوژراون و 82 كەسی دیكەش بریندار بوون.
دوجاریك هۆشداری دا كە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییان بەهۆی ئاستەنگە ئەمنییەكانەوە ڕەنگە زۆر لەوە زیاتر بێت.
هاوكات ئاماژەی بەوە كرد، هەزاران كەس لە ڕێگەی دەریایی و بە بەلەمی بچووك و پڕ مەترسی هەوڵی هەڵاتن لە وڵات دەدەن، بەڵام بەهۆی كەمیی سووتەمەنی و ناسەقامگیرییەوە، زۆربەیان لە دۆخێكی خراپدا گیریان خواردووە.
جەختیش كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە