1 کاتژمێر پێش ئێستا
141 جار خوێنراوەتەوە
مهغرب.. ئهنجامی بهرایی ههڵبژاردن ڕاگهیهنرا
پهیام
وەزارەتی ناوخۆی مەغریب ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕاگەیاند، کە تێیدا پارتی ڕەسەنایەتی بە بەدەستهێنانی ٩٧ کورسی پلەی یەکەمی گرتووە و ڕێژەی بەشداریکردنیش لە سەدا ٣٨٫٠٢ بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی وەزارەتی ناوخۆ، پارتی گردبوونەوەی نیشتمانیی بە ٦٦ کورسی لە پلەی دووەمدایە، پاشان پارتی ئیستیقلال ٦٥ کورسی و پارتی داد و گەشەپێدانیش ٥٤ کورسییان بەدەستهێناوە. بەدوای ئەوانیشدا، پارتی بزووتنەوەی جەماوەری ٢٩ کورسی، یەکێتیی سۆسیالیستی بۆ هێزە جەماوەرییەکان ٢٦ کورسی، پارتی پێشکەوتن و سۆسیالیزم ١٩ کورسی و یەکێتیی دەستووریش ١٧ کورسییان بردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەنجامەکاندا، هەریەک لە بزووتنەوەی دیموکراسیی کۆمەڵایەتی و هاوپەیمانیی چەپ ٨ کورسییان مسۆگەر کردووە. بەرەی هێزە دیموکراسییەکان و پارتی ئینسافیش هەر یەکەیان ٢ کورسی، و هەریەک لە پارتی دیموکراتە نوێیەکان و پارتی یەکڕیزی و دیموکراسیش تەنیا یەک کورسییان پێدراوە.
ئەم هەڵبژاردنە کە بۆ دەستنیشانکردنی پارتی پێکهێنەری حکومەتی پێنج ساڵی داهاتوو و دیاریکردنی پێکهاتەی زۆرینە دەکرێت، ڕێژەی بەشداریکردن تێیدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران گەیشتووەتە سەدا ٣٨٫٠٢، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشووی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢١دا ڕێژەکە سەدا ٥٠٫١ بووە. لەم پڕۆسەیەدا ٢٧ پارت و ١٨٥٠ لیستی جیاواز کێبڕکێ لەسەر ٣٩٥ کورسی دەکەن.
کۆی گشتیی کاندیدەکان ٧٢٨٨ کەسە کە ٢٦٥٨یان ژنن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا مانگی تەمموزی ڕابردوو ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی لە تۆماری هەڵبژاردنەکاندا ناویان تۆمار کراوە گەیشتووەتە ١٥ ملیۆن و ٨٠١ هەزار و ١٦٢ کەس.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە