1 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ 9 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم تێپەڕدەبێت
پەیام
ئەمڕۆ 25ی ئەیلولی 2026، نۆ ساڵ بەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆییدا تێدەپەڕێت و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێم، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد.
مەسرور بارزانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" رایگەیاند: "ساڵیادی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل، پیرۆز و پایەدار بێت".
پرۆسەی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلولی 2017 ئەنجامدرا، 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشدارییان لەو راپرسییەدا کرد کە دەکاتە زیاتر لە 72%ی دەنگدەران.
هاوکات 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە دەنگی "بەڵێ" لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی دەنگیان دا، کە رێژەی زیاتر لە 92%ی دەنگدەرانی پێکهێنا.
پێشتر و لە 7ی حوزەیرانی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەڕای كۆتایی هاتنی ویلایەتەكەی، وەكو سەرۆكی هەرێم لەگەڵ بەشێك لە حیزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، جگەلە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاریاندا رۆژی 25/9/2017، راپرسی بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەجێناكۆكەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجامبدرێت.
لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی دۆخێكی سەخت بووەو وڵاتانی جیهان بەگشتی و عێراق و ئێران و توركیا بە تایبەتی ڕیفراندۆمەكەی هەرێمیان ڕەتكردەوە و جگەلەوەش توركیا و ئێران گەمارۆیان خستە سەر هەرێم و مەرزەكان و تەواوی گەشتە ئاسمانییەكانیان بەڕووی هەرێمدا داخست.
ریفراندۆمەكەی هەرێم 16ی ئۆكتۆبەری بەدوادا هات كە تێیدا لەسەدا 52ی خاكی باشووری كوردستان لە دەستدرا و كەوتەوە ژێر دەستی حكومەتی عێراق.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە