1 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. داوای ڕووبەڕووبوونەوەی هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە دەكرێت
پەیام
وەزارەتی ژینگەی عێراق بە فەرمی باری نائاسایی ژینگەیی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاند و داوای جووڵەی حكومیی بەپەلە و هەمەلایەنە دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیسبوون و هۆكارەكانی.
ئەم هەنگاوە هاوكاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمێكی نیشتمانی بۆ چاودێریكردنی سەرپێچییە ژینگەییەكان و وەڵامدانەوەی خێرایان.
لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا كە بەرپرسان و پەرلەمانتاران ئامادەی بوون، جەخت لەوە كرایەوە كە دۆخی ژینگەیی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار و پێویستیی بە ڕێكاری نائاسایی هەیە.
پلانی داهاتوو پشت بە داتا وردەكان دەبەستێت بۆ دیاریكردنی قەبارەی پیسبوون و سەرچاوەكان و لایەنە بەرپرسەكان، بە مەبەستی چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان.
هەروەها جەخت لەوە كرایەوە كە پاراستنی ژینگە بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشی نێوان دامەزراوەكانی دەوڵەتە، ئەمەش پێویستیی بە دابینكردنی توانای دارایی و تەكنیكی و بەهێزكردنی هەماهەنگیی حكومەتی هەیە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا پلانێكی فریاگوزاری دابڕێژرێت كە كاراكردنی بەرپرسیارێتیی یاسایی بەرامبەر تێكدەرانی ژینگە بگرێتەوە، بەتایبەت دوای هۆشدارییە پەرلەمانییەكان لەبارەی پیسبوونی مەترسیداری ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات كە مەترسیی گەورەی تەندروستییان بۆ هاووڵاتییان و ژینگەی وڵاتەكە دروست كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە