1 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
عێراق هەنگاوی كردەیی بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانان دەنێت
پەیام
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەیەكی بۆ وەرگرتنەوەی بنكەی پشتیوانیی دیپلۆماسیی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕاگەیاند.
ئەم هەنگاوە گرنگە وەك بەشێك لە ڕێكارەكانی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بوونی سەربازیی بیانی لە وڵاتدا هەژمار دەكرێت، كە بڕیارە تا كۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2026 بە تەواوی جێبەجێ بكرێت.
ڕێككەوتنەكە لە لایەن محەمەد حسێن بەحرولعولووم، بریكاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ستیڤن فاگن، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا واژۆ كرا.
بەحرولعولووم جەختی كردەوە، وەرگرتنەوەی ئەم پێگەیە وەرچەرخانێكی مێژووییە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و گواستنەوەیان بۆ قۆناغێكی نوێی هاوكاریی هاوبەش لە بوارەكانی ئابووری، گەشەپێدان و وزە، بە شێوەیەك كە لەگەڵ پاراستنی سەروەریی نیشتمانیی عێراقدا بگونجێت.
لە بەرانبەردا، لایەنی ئەمریكی پشتیوانیی واشنتنی بۆ پەرەپێدانی هاوبەشییەكان دووپات كردەوە و هەردوولاش هاوڕابوون كە ئەم هەنگاوە دەبێتە بناغەیەك بۆ فراوانكردنی ئاستی هەماهەنگییەكان و ڕێكخستنەوەی چوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە پێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست و سەقامگیریی تەواوی ناوچەكەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە