1 کاتژمێر پێش ئێستا
46 جار خوێنراوەتەوە
ئەردۆغان: هاوشێوەی سوپای سەڵاحەددین بە كورد و عەرەب و توركەوە پێكەوە دەبین
پەیام
سەرۆككۆماری توركیا ڕایگەیاند: هەمووان بە كورد و عەرەب و تورك وەك چۆن لە سوپای سەڵاحەددیندا بەیەكەوە بووین ئاوها یەكڕیز دەبین.
ئەمڕۆ، شەممە، لە میانەی ڕێوڕەسمی كردنەوەی شارێكی پزیشكی لە پارێزگای شانلی ئورفا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا (باكووری كوردستان)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا ڕایگەیاند: تورك و كورد و عەرەب وەك چۆن 838 ساڵ لەمەوبەر لە سوپای سەڵاحەددین یەكڕیز بووین و قودسمان لە خاچدروشمان ڕزگار كرد، ئێستاش هەر وا بەیەكەوە دەبین.
ئەردۆغان وتیشی: هەموومان دەگەینە ئەو ڕۆژەی ئاسایش جێگەی تیرۆر، خۆشگوزەرانی جێگەی ناسەقامگیری و ئاشتی جێگەی ململانێ دەگرێتەوە و كەسیش ناتوانێت ڕێگری لەم كارە بكات.
سەرۆككۆماری توركیا لە درێژەی قسەكانیدا وتیشی: هیچ كەسێك ناتوانێت لە نێوان ئێمە و ئامانجەكەماندا بوەستێت كە 'توركیایەكی بێ تیرۆر'ە و كەس ناتوانێت ڕێگری لە زاڵبوونی ئاسایش و ئاشتی و گەشەسەندنی ئابووری لە ناوچەكەماندا بكات.
لە لایەكی دیكەوە، ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵیی دەمپارتی كە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار پێك هاتبوون، لە شاری ئەنقەرە لەگەڵ جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆككۆماری توركیا كۆ بووەوە.
لەوبارەوە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی دەمپارتی بڵاوی كردەوە: كۆبوونەوەكە نزیكەی كاتژمێرێكی خایاند و تێیدا كاركردنی چوار لیژنەی لاوەكی تاوتوێ كرا كە لە دوو كۆبوونەوەی دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پرسی چارەسەری ئاشتی پێك هێنرابوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە