1 کاتژمێر پێش ئێستا
134 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرتێكی كۆنگرێسی ئهمریكا: له جهنگی سهر ئێراندا ٨١ فڕۆكه و درۆنی ئهمریكا زیانیان بهركهوتووه
پهیام
ڕاپۆرتێکی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە لەماوەی حەوت مانگی جەنگی دژ بە ئێراندا، لانی کەم ٨١ فڕۆکە و درۆنی ئەمریکی بە تێچووی ٣,٣ ملیار دۆلار لەناوچوون یان زیانیان بەرکەوتووە.
ڕاپۆرتەکە کە لەم مانگەدا نوێکراوەتەوە و لەلایەن لیژنهی "خزمەتگوزاریی لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس" ـەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی ئەو فڕۆکە، هێلیکۆپتەر و درۆنە زیانپێکەوتووانە لەگەڵ گەیشتنی زانیاریی نوێدا ئەگەری بەرزبوونەوەی هەیە. ئامارەکان ئەو زیانانە دەگرنەوە کە لە سەرەتای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە تۆمارکراون.
بەپێی داتاکان، گەورەترین زیان بەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری "ئێم کیو-٩ ڕیپەر" کەوتووە، کە لانی کەم ٤٥ درۆنیان لێ لەدەستدراوە. هەروەها ١٢ فڕۆکەی جەنگیی جۆری "ئێف-١٥ ئی سترایک ئیگڵ" خراونەتە لیستی زیانەکانەوە، کە سێ لەو فڕۆکانە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا بە "مووشهكی دۆستانە" لە ئاسمانی کوەیتدا تێکشکاون.
لیستی زیانەکانی دیکە پێکهاتووە لە فڕۆکەیەکی جۆری "ئێف-٣٥ ئەی لایتنینگ ٢"، دوو فڕۆکەی "ئەی-١٠ سەندەربۆڵت ٢"، حەوت فڕۆکەی "کەی سی-١٣٥" ی تایبەت بە سووتەمەنی پێدان لە ئاسماندا، لەگەڵ یەک فڕۆکەی "ئی-٣ سێنتری" کە بۆ ئاگادارکردنەوە و چاودێریی ئاسمانی بەکاردێت.
ئەم زانیارییانە پشت بە تۆمارەکانی وهزارهتی جهنگی ئهمریكا، داتاکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پشکنەری گشتیی سەربازی و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان دەبەستن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە