1 کاتژمێر پێش ئێستا
117 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا بۆمبهاوێژەکانی لە بەریتانیاوە گەڕاندەوە
پەیام
واشنتن بۆمبهاوێژی جۆری "بی-١" ی لە بنکەی ئاسمانیی فێرفۆردی بەریتانیا کێشایەوە و گواستییەوە بۆ بنکەکانی لە ئەمریکا، ئەوەش دوای ئاشکرابوونی هەوڵێکی پەیوەندیدار بە ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش لەسەر بنکەکە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، بڕیاری کشانەوەی ئەو بۆمبهاوێژە ستراتیژییانە لە بەریتانیاوە بۆ ناو خاکی ئەمریکا لەسەر بنەمای زانیاریی ئاسایشی بووە. وەزارەتی جەنگی ئەمریکاش (پێنتاگۆن) جەختی کردووەتەوە کە فڕۆکەکان لەچوارچێوەی پلانێکی نوێدا جووڵەیان پێکراوە.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، واشنتن زانیاری پێشوەختەی هەبووە دەربارەی پلانێک کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبووە بۆ بەئامانجگرتنی بۆمبهاوێژ و کوشتنی کارمەندانی ناو بنکە ئاسمانییەکە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە سوپای پاسدارانی ئێران هاووڵاتییانی بەریتانیی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە فرەقۆناغە ڕاسپاردووە.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسە ئەمریکییەکە ڕوونیکردەوە کە ڕەچاوکردنی لایەنی ئاسایشی ڕێگەی نەداوە واشنتن لە کاتی خۆیدا بە ڕاستەوخۆیی جووڵەی هێز و کەلوپەلە سەربازییەکانی پشتڕاست بکاتەوە. هاوکات پێنتاگۆن ڕایگەیاند بۆمبهاوێژە ئەمریکییەکان هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەراسەریی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە