2 کاتژمێر پێش ئێستا
106 جار خوێنراوەتەوە
هێرشی حوسییەكان بۆ سەر سعودیە زیانی گیانی و ماددی خستووەتەوە
پەیام
هێرشە مووشەكییەكەی حوسییەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەكەی ڕیاز زیانی گیانیی لێ كەوتووەتەوە و هاوپەیمانیی عەرەبییش هێرشی بۆ سەر حوسییەكان ئەنجام دا.
دەستەی فڕۆكەوانی شارستانی سعودیە ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مەلیك خالید لە ڕیاز دووچاری دوو هێرشی جیاواز بووەتەوە، هێرشی یەكەم دامەزراوەكانی فڕۆكەخانەكەی كردووەتە ئامانج و دووەمیان فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی سعودیە.
بەهۆی ئەم هێرشانەوە 3 هاووڵاتی سعودیە كوژران و ژمارەیەك هاووڵاتی و دانیشتووی وڵاتانی دیكەش بریندار بوون.
هێڵی ئاسمانی سعودیە پشتڕاستی كردەوە كە یەكێك لە كارمەندەكانیان بەناوی كاپتن حەمود عەلی كەلسەمی لە ئەنجامی هێرشەكەدا گیانی لەدەست داوە، فڕۆكەكەش بەتەواوی زیانی بەركەوتووە.
لای خۆیەوە، توركی مالیكی وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی یەمەن بە سەرۆكایەتی سعودیە، بەڵێنی وەڵامێكی توندی دا و ڕایگەیاند كە 3 سەكۆی هەڵدانی مووشەكی حوسییەكانیان تێك شكاندووە.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن كە حوسییەكان لە 9هەفتەی رابردوودا چەند هێرشێكیان بۆسەر فڕۆكەخانەكانی سعودیە ئەنجام داوە، سەرەڕای دۆخەكە، بەرپرسانی سعودیە ڕایانگەیاندووە كە جووڵەی ئاسمانی گەڕاوەتەوە باری ئاسایی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە