1 کاتژمێر پێش ئێستا
79 جار خوێنراوەتەوە
فەڵەستین.. لە 48 كاتژمێردا 10 كەسی دیكە لە غەززە شەهید بوون
پەیام
لە 48 كاتژمێردا 10 كەسی دیكە لە كەرتی غەززەی فەڵەستین شەهید بوون، كۆی گشتیی قوربانییەكانیش بۆ 74 هەزار و 370 كەس بەرز بووەوە.
سوپای قەوارەی زایۆنی بۆ 366هەمین ڕۆژ لەسەریەك لە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە بەردەوامە، ئەمڕۆش لە بەرەبەیانیەوە 13 پێشێلكارییان تۆمار كردووە.
لەو میانەیەدا وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە كەرتی غەززە ڕایگەیاند: لە ماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا 10 شەهید لە سەرجەم ناوچەكانەوە گەیشتوونەتە نەخۆشخانەكان.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا كە ئاماری شەهیدان لە دوای چوونە بواری جێبەجێكردنی ئاگربەستەوە لە 11ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردووە بۆ هەزار و 481 كەس بەرز بووەتەوە، بریندارەكانیش گەیشتووەتە پێنج هەزار و 254 كەس.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: لە سەرەتای دەستپێكردنی ڕێككەوتنەكەوە تەرمی 836 شەهید دەرهێنراون، ئەمەش لەكاتێكدایە پڕۆسەكانی گەڕان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەكاندا بەردەوامن.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین كۆی گشتیی قوربانییانی كۆمەڵكوژی قەوارەی زایۆنی لە كەرتی غەززە لە 7ی مانگی 10ی ساڵی 2023ـەوە بۆ 74 هەزار و 370 شەهید و 175 هەزار و 371 بریندار بەرز بووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە