2 کاتژمێر پێش ئێستا
77 جار خوێنراوەتەوە
چوار پارت لە مەغرب پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەیان ڕاگەیاند
چوار پارتی سیاسیی سەرەکی لە مەغریب گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی زۆرینەی پەرلەمانی بە سەرۆکایەتیی فاتیمە زەهرا مەنسووری.
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پاش خولی دووەمی دانوستانەکان، هەریەک لە پارتەکانی "ڕەسەنایەتی و سەردەم" بە ٩٧ کورسی، "سەربەخۆ" بە ٦٥ کورسی، "یەکێتیی سۆسیالیستی" بە ٢٦ کورسی و "پێشکەوتن و سۆسیالیزم" بە ١٩ کورسی، پێکهێنانی هاوپەیمانیی زۆرینەیان ڕاگەیاند. ئەم چوار لایەنە توانییان بە مسۆگەرکردنی ٢٠٧ کورسی، بەربەستی زۆرینەی پێویست لە کۆی ٣٩٥ کورسیی پەرلەمان تێپەڕێنن و ڕێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی کەسانی لێهاتوو بۆ پۆستە وەزارییەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت.
پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە دوای ئەوە هات کە شا محەمەدی شەشەم، پادشای مەغریب لە ٢٩ی ئەیلوولدا فاتیمە زەهرا مەنسووری، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی مەغریبی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دیاری کرد، پاش ئەوەی پارتەکەی پلەی یەکەمی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنا. بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێکهاتەی کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بکرێت و بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری تاوەکو کابینەکە بە فەرمی دەستبەکار بێت.
هاوکات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی مەغریبدا کە لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، ئیسلامییەکان لە ڕێگەی پارتی دادپەروەری و گەشەپێدان (پی جەی دی) بەشدارییان کرد و ٥٤ کورسییان لە کۆی ٣٩٥ کورسیی پەرلەمان بەدەستهێنا، ئەمەش وەک گەڕانەوەیەکی بەرچاو بۆ ئەو پارتە دادەنرێت دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١دا تەنیا ١٣ کورسیی هەبوو، هەرچەندە لە دەرەوەی ئەم هاوپەیمانییە نوێیەدا مانەوە...
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە