1 کاتژمێر پێش ئێستا
89 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ دوو ساڵ بهسهر ههڵبژاردنی پهرلهماندا تێدهپهڕێت، پهرلهمان پهك خراوه و حكومهتیش پێك نههێنراوه
پهیام:
دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، ڕێگر بوون لە دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، بەو هۆیەشەوە دۆخی سیاسی هەرێم دووچاری چەقبەستوویی بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پاش چاوەڕوانییەکی درێژخایەن و چەندین جار دواخستن، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم خولەدا، بەپێی گۆڕانکارییە یاساییەکان، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی کەمکرایەوە و بەسەر چوار بازنەدا دابەشکران؛ بە جۆرێک کە ٣٨ کورسی بۆ سلێمانی، ٣٤ بۆ هەولێر، ٢٥ بۆ دهۆک و ٣ کورسی بۆ هەڵەبجە دیاریکران. هاوکات بۆ یەکەمین جار لە مێژووی هەرێمدا، کارتی بایۆمەتری و سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەکارهێنران، بە ئامانجی خێراکردن و ڕێکخستنی شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
بەپێی ئەو ئەنجامە کۆتاییانەی کە کۆمسیۆن لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ڕایگەیاندن، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی ٣٩ کورسی لە پلەی یەکەمدا جێگیر بوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسیی مسۆگەر کرد و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە ١٥ کورسی پلەی سێیەمی گرت. لە هەمان کاتدا، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ٣ کورسی و بەرەی گەل ٢ کورسییان بەدەستهێنا، هەروەها هەریەک لە هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا یەک کورسییان بۆ خولی نوێی پەرلەمان مسۆگەر کرد.
ڕاگەیاندنی ئەم ئەنجامانە شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە؛ لایەنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست ڕەخنەی توندیان ئاراستەی دروستیی پرۆسەکە کرد و گومانیان لە دەستکاریکردنی دەنگەکان و متمانەپێکراوی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەربڕی، بە جۆرێک کۆمەڵی دادگەری بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کرد و ڕەتی کردەوە ئەو کورسیانەی بۆی دانراون وەریبگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سەرجەم ٤١ تانەکەی بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ڕەت کردەوە و لە ٢٤ی هەمان مانگدا ئەنجامەکان بە فەرمی پەسەندکران.
پەرلەمانی کوردستان لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ یەکەمین دانیشتنی خۆی بۆ سوێندخواردنی یاسایی ئەندامان سازکرد، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی و نەبوونی ڕێککەوتنی پێشوەختە لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی، کۆبوونەوەکە بە کراوەیی مایەوە. ئەم ئیفلیجبوونەی پەرلەمانی کوردستان پرسی یاسادانان و چاودێریی حکومەتی پەراوێز خست و هاوکات ناکۆکیی قووڵی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستە باڵاکان پێکهێنانی کابینەی دەیەمی ڕاگرت.
هەرچەندە لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ دەنگۆی ڕێککەوتنی هەردوو حیزب بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لە مانگی ئۆکتۆبەردا ڕاگەیەندرا، بەڵام لە ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی قەیرانەکە دەربڕی، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە کێشەی پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی داخوازییەکانی هاووڵاتیان هێشتا چارەسەری کۆتایی بەخۆیەوە نەدیوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە