2 کاتژمێر پێش ئێستا
193 جار خوێنراوەتەوە
گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران بۆ ناوچەكانی باشووری عێراق دەگوازرێنەوە
پەیام
ڕۆژنامەی "ئەخبار"ـی لوبنانی ئاشكرای كردووە، عێراق و ئێران لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئەمنیی هاوبەشدا، پلانێك بۆ گواستنەوەی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق تاوتوێ دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان، هەردوو وڵات هەماهەنگیی ئەمنیی خۆیان چڕ كردووەتەوە بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی ئەم گرووپانە، كە تاران وەك هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی خۆی دەیانبینێت.
محەمەد كازم ئال سادق، باڵێۆزی ئێران لە بەغدا، جەختی لەوە كردەوە كە ڕێككەوتنێك بۆ دەركردنی ئەو گرووپە چەكدارانە یان ڕادەستكردنەوەیان بە تاران بەدەست هاتووە.
ئەم بڕیارە دوای كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هاوبەش بە سەرۆكایەتیی ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەییی عێراق دێت، كە ئامانج لێی كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان و نەهێشتنی گرژییەكانە.
جێبەجێكردنی ئەم پلانە گواستنەوەی چەكداران و خێزانەكانیان بۆ كەمپە دوورەدەستەكان لەخۆ دەگرێت، تاوەكوو چالاكییە سیاسیی و سەربازییەكانیان بەتەواوی لە سنوورەكانی ئێران دوور بخرێتەوە و سەقامگیریی ناوچەكە بپارێزرێت.
تاران هۆشداریی داوە، كە دەبێت هەموو بەندەكانی ئەم ڕێككەوتنە بە وردی جێبەجێ بكرێن و لایەنی عێراقی پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەكان لە پڕۆسەی گواستنەوەكەدا دووپات كردووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە