1 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
موحسن ڕەزایی: وتاری ئەمریکا گۆڕاوە و ئەوەش ڕەنگدانەوەی خۆڕاگریی گـەلی ئێرانە
پەیام
ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند هێشتا وەڵامی نامەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکای نەداوەتەوە، هاوکات جەختی کردەوە گەرووی هورمز پێش جێبەجێکردنی مەرجەکانی وڵاتەکەی ناکرێتەوە.
موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشکرای کرد کە ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی بینیوە و خوێندوویەتییەوە کە لەلایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئاراستەی تاران کراوە.
سەرەڕای ئەوەش، ڕەزایی ڕوونی کردەوە کە تاران تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیی بۆ پەیامەکەی ناوبراو نەداوەتەوە و دیپلۆماتکارانی وڵاتەکەی خەریکی تاوتوێکردنی دۆخەکەن.
لە لایەکی ترەوە، ڕەزایی جەختی لەوە کردەوە کە دەروازە ئاوییەکەی گەرووی هورمز ناکرێتەوە پێش ئەوەی مەرجە بنەڕەتی و دیاریکراوەکانی ئێران بە تەواوی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە جێبەجێ نەکرێن.
سەبارەت بە لێدوان و هەڵوێستەکانی کاربەدەستانی کۆشکی سپی، موحسین ڕەزایی ئاماژەی بەوە کرد ئاڕاستە و شێوازی قسەکردنی ئیدارەی ئەمریکا لەم قۆناغە نوێیەدا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە و ئاستی تووندیی وتارەکەیان دابەزیوە. ناوبراو ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەی لە زمانی لێدوانەکانی واشنتندا وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی و دڵخۆشکەر ناوبرد، بەو پێیەی کە بە بڕوای ئەو، ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی خۆڕاگری و سەرکەوتنی گەلی ئێرانە لەبەرانبەر گوشارە هەمەلایەنەکاندا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە