1 کاتژمێر پێش ئێستا
150 جار خوێنراوەتەوە
پاریس.. کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پێنج خەڵاتی ستیڤیی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەدەستهێنا
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پێنج خەڵاتی ستیڤیی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ لە پاریس بەدەستهێنا، کە دوو خەڵاتی زێڕین لە بوارەکانی داهێنانی تەکنەلۆژی و سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد لەخۆدەگرێت.
لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا کە لە ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بەڕێوەچوو، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ وەک پێشەنگی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن و دیجیتاڵی لە عێراق، پێنج خەڵاتی ستیڤی® بۆ نایابیی تەکنەلۆژی بەدەستهێنا. خەڵاتەکان بریتی بوون لە دوو خەڵاتی زێڕین، دوو خەڵاتی زیوین و خەڵاتێکی بڕۆنزین، کە بەهۆی پێشەنگایەتی لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیاکانی ژیریی دەستکرد و بنیاتنانی ژێرخانی دیجیتاڵییەوە بەخشرانە کۆمپانیاکە. لە میانی ئاهەنگەکەدا پێزانین بۆ هەوڵی ئەو تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییە عێراقییانە دەربڕدرا کە پەرەیان بە چارەسەرە ناوخۆییەکان داوە لە پێناو بەرزکردنەوەی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان، باشترکردنی ئەزموونی بەشداربووان و بەرزکردنەوەی توانای تۆڕەکەدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆمپانیاکە، لە ڕیزبەندیی ئەو سەرکەوتنانەدا، دوو خەڵاتی زێڕینی ستیڤی بەخشران بە پڕۆژەی یاریدەدەری ژیریی دەستکرد "لەیلا" و سیستەمی پێشکەوتووی (+CEI) کە تایبەتە بە پێوانەکردنی وردی ئەزموونی بەشداربووان و چاودێریکردنی ئاستی ڕەزامەندیی بەکارهێنەران لە ڕێگەی شیکاریی داتاوە. هاوکات پڕۆژەی "لەیلا" توانی دوو خەڵاتی زیوینی دیکەش بۆ هەوڵە داهێنەرانەکانی لە خزمەتگوزاریی بەشداربوواندا مسۆگەر بکات. لە لایەکی دیکەوە، ئاسیاسێڵ لە پۆلێنی "کۆمپانیای ساڵ لە بواری ژیریی دەستکرددا" خەڵاتی بڕۆنزی پێبەخشرا، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە ستراتیژییەکانی لە داڕشتن و بەگەڕخستنی ئیکۆسیستەمێکی تەواو یەکگرتووی ژیریی دەستکرد لە کەرتی گەیاندنی عێراقدا.
سەبارەت بەم دەستکەوتە، عامر سوناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد ئەم خەڵاتانە، بەتایبەت دوو خەڵاتە زێڕینەکە، تەنیا ڕێزلێنان نین بۆ کۆمپانیاکە، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن لەسەر توانست و لێهاتوویی بێوێنەی تاکی عێراقی لە پەرەپێدانی چارەسەرە تەکنەلۆژییەکاندا. ناوبراو ڕوونیکردەوە ئەو سیستەمانەی لە عێراق بەرهەمهێنراون نەک تەنیا لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان هاوتان، بەڵکو لە ژینگەیەکی کاری زۆر پڕ لە کێبڕکێدا پێشیان داونەتەوە و سەلماندوویانە کە وڵاتەکە بووەتە ناوەندی بەرهەمهێنانی داهێنان. بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامانە لە دوای پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندنی توندوتۆڵ هات، کە لەلایەن زیاتر لە ١٨٠ پسپۆڕ و شارەزای نێودەوڵەتی لە سەرتاسەری جیهانەوە ئەنجامدرا و پێگەی عێراقی لەسەر نەخشەی تەکنەلۆژیا بەهێزتر کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاسیاسێڵ پێداگری لەسەر بەردەوامیی جێبەجێکردنی ستراتیژە گشتگیرەکەی کردەوە، بەتایبەت دەربڕینی ئامادەیی تەواو بۆ خستنەڕووی خزمەتگوزارییەکانی نەوەی پێنجەم (٥G) بە شێوەیەکی فەرمی، هەر کاتێک ڕەزامەندییە یاسایی و ڕێکخەرییە پێویستەکان لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە بدرێن. هاوکات کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد لە ڕێگەی فراوانکردنی بەردەوامی وەبەرهێنان لە پلاتفۆڕمەکانی ژیریی دەستکرد و پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵیدا، پابەند دەبێت بە داهێنان، پاراستنی کوالێتیی بەرز و دەستەبەرکردنی گشتگیریی دیجیتاڵی، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە بونیادنانی داهاتوویەکی دیجیتاڵیی پێشکەوتوو بۆ عێراق و تەواوی ناوچەکە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە