1 کاتژمێر پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
کەسوکارەکەی: حهسهن سەلامە لە زینداندا نۆ گوللەی پێوەنراوە و دۆخی لەوپەڕی مەترسیدایە
پەیام
کەسوکاری سەرکردەی دیاری زیندانیکراوی فەلەستینی حەسەن سەلامە رایانگەیاندووە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆوە لەناو زیندانەکانی ئیسرائیلدا حەسەن سەلامە بە نۆ گوللـە بریندار کراوە و بە وتەی کەسوکارەکەی، دۆخی تەندروستی لەوپەڕی مەترسیدایە.
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە فەلەستینییەکان لە زاری غوفران زامیل، دەستگیرانی ئەو بەندکراوەوە بڵاویانکردەوە کە ناوبراو لەناو زینداندا ڕووبەڕووی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیسرائیل بووەتەوە. بەو هۆیەوە نۆ گوللـە بەر جەستەی کەوتووە و لە ئێستادا بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە لە ڕەوشێکی تەندروستیی ئێجگار نالەباردایە.
بەپێی وتەی دەستگیرانەکەی، برینداربوونی سەلامە لە ڕۆژی سەردانەکەی ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بۆ نێو زیندانەکە ڕوویداوە؛ کاتێک بن غەفیر لەژێر پاسەوانییەکی توندی ئەمنیدا هەڵیکوتاوەتە سەر ژوورەکەی سەلامە و لە کاتێکدا ناوبراو دەستبەستراو بووە، هەڕەشەی ڕاستەوخۆی کوشتنی لێکردووە. ئەم ڕووداوەش لە کاتێکدایە کە بەندیخانەکانی ئیسرائیل بە گشتی ڕووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی گرژی و پەرەسەندنی ناکۆکییەکان بوونەتەوە.
هاوکات سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حـەماس هۆشداری لەبارەی ژیانی حەسەن سەلامە دا و، ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری تەواوەتی سەلامەتیی سەرجەم بەندکراوانی فەلەستینی دانا.
عەبدولڕەحمان شەدید، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی حەسەن سەلامە هەیە، بەتایبەت کە لە هەمان ڕۆژی هەڵکوتانە سەر ژوورەکەی لەلایەن ئیتمار بن غەفیر، وەزیری توندڕەوی ئیسرائیل، بە نۆ گوللـە پێکراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ڕووداوە بە ئامانجگرتنێکی تاوانکارییە و قەبارەی ئەو مەترسییانە دەردەخات کە لەناو زیندانەکاندا هەڕەشە لە ژیانی بەندکراوان دەکەن.
شەدید دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری تەواوەتی ژیانی سەلامە و سەرجەم بەندکراوانی دیکە لەقەڵەم دا و داوای لە لایەنە نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکەن، هەم بۆ مسۆگەرکردنی چارەسەری تەندروستیی ناوبراو و هەم بۆ لێپرسینەوە لە ئیسرائیل بەرانبەر بە پێشێلکارییەکانی.
حەسەن سەلامە، ماوەی ٣١ ساڵە لە زیندانی زایۆنیدایە و ١٣ ساڵ لەو ماوەیەی لە زیندانی تاکە کەسیدا بووە، لەلایەن دادگای قەوارەی زایۆنییەوە بە ٤٨ جار زیندانی هەتاهەتایی سزادراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە