1 کاتژمێر پێش ئێستا
149 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: پێشنیازمان ئاڕاستەی ئەمریکا کردووە و ئاڵوگۆڕی پەیامیش بەردەوامە
پەیام
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دا کە گەرووی هورمز بەبێ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ناکرێتەوە و، ڕایگەیاند پێشنیازەکەیان بۆ ڕێککەوتن لەبەردەستدایە و تۆپەکە لە گۆڕەپانی واشنتندایە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، واشنتن ئێستا سەلماندوویەتی کە بە ئاراستەی شکستپێهێنانی هەر هەوڵێکی دیپلۆماسیدا کار دەکات. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو گەمارۆی سەر کەرتی دەریایی لانەبرێت و داواکارییەکانی تاران جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز بە ئارامی نامێنێتەوە.
بەقایی ئاماژەی بەوە دا کە تاران مەرج و داواکارییەکانی بە شێوازێکی لۆژیکی خستووەتە بەردەم لایەنی ئەمریکی و هیچ جۆرە پابەندبوونێکی یەکلایەنە قبووڵ ناکات. باسی لەوەش کرد کە دەقی پێشنیازەکەی ئێران کورت کراوەتەوە و ڕەخسێنەری ئەوەیە لەماوەی دوو ڕۆژدا جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە پێشنیازەکە هێشتا وەک خۆی لەئارادایە و پێویستە ئەمریکا بڕیاری خۆی بدات.
هاوکات ڕوونیشی کردەوە کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوامە، و سەردانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بۆ دەوحە بە ئامانجی ئاسانکاری بووە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامانە بە واشنتن.
سەبارەت بە میکانیزمی دانوستانەکانیش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەرکی بەڕێوەبردنی دۆسیەی دیپلۆماسیی لە ئەستۆ گرتووە، و محەممەد باقر قالیباف هێشتا لە پۆستەکەیدا وەک سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران بەردەوامە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە