1 کاتژمێر پێش ئێستا
127 جار خوێنراوەتەوە
دوای دە رۆژ لە گەمارۆدان؛ سوپای زایۆنی لە شاری خەلیل لە کەناری رۆژاوا کشایەوە
پەیام
سوپای ئیسرائیل دوای گەمارۆدانێکی ١٠ ڕۆژە و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٣٣٠٠ کەس، لە شاری خەلیل لە کەناری رۆژاوا کشایەوە و هاوکات هێزە ئەمنییەکانی فەلەستینیش لە شارەکەدا دووبارە بڵاوەیان پێ کرایەوە.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل دوای گەمارۆیەکی توندی ١٠ ڕۆژە دێت، کە بووە هۆی وەدەرنانی زۆرەملێی زیاتر لە سێ هەزار و ٣٠٠ هاووڵاتی و ڕووخاندنی ژمارەیەکی زۆر لە خانوو و بینا لە دوو گەڕەکی شاری خەلیلدا.
هاوکات لەگەڵ ئەم کشانەوەیە، دەزگا ئەمنییەکانی فەلەستین بە تەواوی لە ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا جێگیر کرانەوە.
لە لایەن خۆیەوە، پارێزگای خەلیل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەو خێزانانەی ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان کرابوون، دەتوانن بگەڕێنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوشەکە دەکەن و سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان دەگرنەبەر بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام بۆ دانیشتووان.
پێشتریش سەرۆکی شارەوانیی خەلیل ڕەوشی شارەکەی لەماوەی گەمارۆکەدا بە «سزای بەکۆمەڵ» وەسف کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەوە نزیکەی ٨٠٠ خێزان زیانیان بەرکەوتووە. بەپێی ئامارەکانی شارەوانی، زیاتر لە سێ هەزار کەس ئاوارە بوون و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەش لەناو ماڵەکانیاندا لەژێر گەمارۆدا مابوونەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە