1 کاتژمێر پێش ئێستا
150 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت.. له ئیمارات دانووستانهكانی ڕووسیا و ئۆكرانیا بهردهوامه و سهرقاڵی ئاڵووگۆڕی دیلهكانن
پهیام
بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی دووەمی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی و سیاسی دەستی پێ کرد.
ئەم خولە لە کۆبوونەوەکان کە سێیەمین گەڕی دانوستانە سێقۆڵییەکانه، ئامانجی سەرەکی لێی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە مەیدانییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کۆمەڵێک دۆسیەی هەڵپەسێردراوی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ.
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی لە میانی دۆسیە مرۆییەکاندا کار لەسەر ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی "ئاڵوگۆڕی گەورە" ی دیلەکان لەگەڵ مۆسکۆ دەکات. زێلێنسکی یەکەم ڕۆژی گفتوگۆکانی بە "بنیاتنەر و ئێجگار جەوهەری" وەسف کرد و ڕوونی کردەوە کە وتووێژەکان تەوەرەکانی ئازادکردنی دیلەکان، هەنگاوە مرۆییەکان، دەستەبەرکردنی گەرەنتیی ئەمنیی درێژخایەن و دانانی میکانیزمی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی شەڕیان گرتووەتە خۆ.
هاوکات ڕۆستەم ئومێرۆڤ، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئۆکرانیاش جەختی کردەوە لە پێشینەی کارەکانی کیێڤ لە وەستاندنی شەڕ، بەدەستهێنانی گەرەنتیی ئەمنیی باوەڕپێکراو و گرتنەبەری ڕێوشوێنی مرۆیی بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی جەنگدا چڕ بووەتەوە.
لەبەرانبەردا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی یەکەمی گفتوگۆکانی بە "زۆر بەرهەمدار" لەقەڵەم دا، هەرچەندە دان بەوەشدا نا کە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی هێشتا پێویستی بە ماندووبوون و کاری زۆر هەیە. ڕوبیۆ جەختی لە گرنگیی فراوانکردنی چوارچێوەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان واشنتن، مۆسکۆ و کیێڤ کردەوە بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەورووپاش لەخۆ بگرێت، بەو پێیەی بەشێکی دانەبڕاون لە هەر ڕێکخستنێکی ئەمنیی درێژخایەن.
هاوکات ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە تەوەرێکی دانوستانەکان بریتی بووە لە چۆنیەتیی سوودوەرگرتن و بنیاتنان لەسەر دامەزراوە و ڕێککەوتننامە ئەمنییە ئەورووپییە هەبووەکان بۆ قۆناغی دوای تەواوبوونی جەنگ.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم دانوستانانە بەسەر سێ تەوەر و ڕێڕەوی سەرەکیی سەربازی، سیاسی و ئابووریدا دابەش کراون، بە مەبەستی نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی ڕێگرن لە گەیشتن بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە. لە هەمان کاتدا نوێنەرانی فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، یەکێتیی ئەورووپا و پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەشدارن لە ڕاوێژکارییە پەیوەندیدارەکاندا، کە تێیدا لایەنی ئەورووپی سوورە لەسەر هەبوونی ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لە داڕشتنی ڕێکخستنە ئەمنییەکانی داهاتوودا.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، ناکۆکیی قووڵ لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ سەبارەت بە پرسی خاوەندارێتیی خاک، مەرجەکانی ڕاگرتنی جەنگ و سروشتی گەرەنتییە ئەمنییەکان بەردەوامە، بەڵام لایەنی نێوەندکاری ئەمریکی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ئەم وتووێژانەی ئەبوزەبی بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی کرداری و جێبەجێکراو لەسەر ئەرزی واقیعدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە