27 خولەک پێش ئێستا
67 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ زهیدی داوای دهرچوونی میلیشیاكان له جورف ئهلسهخر دهكات و ئهوانیش ڕهتی دهكهنهوه
پەیام
دکتۆر حەیدەر عەبوود، وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، دۆسیەی جورف ئەلسەخر بۆ چەندین ساڵ وەک دۆسیەیەکی داخراو باس دەکرا، بەڵام حکوومەت بەپێی دەسەڵاتە یاساییەکانی و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکەی لە پاراستنی سامانی گشتیدا، ڕێوشوێنی بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت گرتووەتە بەر.
ناوبراو ڕایگەیاند، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە پشکنینی بۆ شەش پێگە کردووە و چووەتە ئەو خاڵە جوگرافییانەی لە ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگریدا دیاری کرابوون؛ لەوێش دەستکاریکردنێکی ئاشکرای لەو بۆرییە نەوتییانەدا بەدی کردووە کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕن، لەگەڵ هەوڵدان بۆ پڕکردنەوە و داپۆشینی شوێنەواری دەستکاریکردنەکە، هەروەها بوونی دوو پاڵاوگە، تەنکەرێک و چەند خەزانێکی لە نێو جورف ئەلسەخردا دەستنیشان کردووە.
عەبوود ڕوونی کردووەتەوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە هێزەکان کردووە بچنە نێو جورف ئەلسەخر و مۆڵەتێکیش بۆ چوونەدەرەوەی گرووپە چەکدارەکە لەو ناوچەیە دیاری کراوە کە کاتەکەی دوور نییە. فەرماندەی گشتی جەختی کردووەتەوە پێویستە سەرجەم بەرپرسە ئەمنییەکان لە کەرتەکانی بەرپرسیارێتییاندا ئەرکەکانیان بە تەواوی ڕابپەڕێنن و ڕێگە بە دەستبردن بۆ سامانی دەوڵەت نەدەن، بەتایبەت سامانی نەوت کە موڵکی گەلی عێراقە.
هاوکات ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی تەنیا لە بەدواداچوونی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەیەکی دیاریکراودا قەتیس نابن، بەڵکوو سەرجەم ئەو ناوچانە دەگرنەوە کە گومانی بەقاچاخبردنیان تێدا دەستنیشان کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، عەبوود ئاشکرای کردووە فەرماندەی گشتی فەرمانی داوە تێوەگلاوان و تەواوی دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا بکرێن و دەستەی دەستپاکیش ڕۆڵی خۆی لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردن لە جورف ئەلسەخردا بگێڕێت. هەروەها دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکان ڕاسپێردراون ڕێگری لە هەر دیاردە و ئاماژەیەکی دەرچوونی ئۆتۆمبێلە تەنکەرەکانی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بکەن و بە کردەییش نەک تەنیا لە جورف ئەلسەخر، بەڵکوو لە چەندین ناوچەی دیکەدا دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە